ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق خەریكی ئامادەكردنی بودجەی 2027ی عێراقە، پەرلەمانتارێكی پێشوو دووپاتی دەكاتەوە كە دەبێت پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەكە لەسەر بنەمای پێوەری نوێ دیاری بكرێت، لەوانە رێژەی دانیشتووانی هەرێم كە 14%یە.
ئیدریس شەعبان پەرلەمانتاری پێشوو ئاماژە دەكات، دەبێت پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی 2027ی عێراق لەسەر بنەمای پێوەری نوێ دیاری بكرێت، لەوانە جێگیركردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێم بە 14%ە، ئەوەش لەسەر بنەمای سەرژمێریی دانیشتووانی ساڵی 2014، لە بری رێژەی پێشوو كە 12.67% بوو، هاوكات نابێت بودجەكە تەنیا پێوەست بە دابینكردنی مووچە بێت، بەڵكو پشكی هەرێم لە بودجەی وەبەرهێنان و قەرز و مینحە و یارمەتی بێت كە حكوومەتی فیدراڵی بە دەستی دێنێت، جیا لە پشكی لە دەرمان و پسوولەی خۆراك.
ئەمڕۆ ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، بەپێی ئامارەكانی دوایی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان لە بوجەی گشتی بووەتە 14%، ئێمەش هەوڵ دەدەین لە یاسای بودجەدا بەرجەستەیەكی راستەقینە بۆ ئەو بەشە و شایستەكانی تری هەرێم هەبێت.
روونی كردەوە، بە درێژایی ساڵانی رابردوو هەرێمی كوردستان بودجەكانی وەبەرهێنان و بەكارخستنی بەدەست نەگەیشتووە، تەنیا مووچەی بۆ رەوانە كراوە و ئەویش چەندان كێشەی تیادا بووە، بۆیە ئێستە هەرێم هەوڵ دەدات تەواوی ماف و شایستە داراییەكان بە هاوشێوەی پارێزگاكانی تر لە بودجەی گشتیی عێراق دەست بكەوێت، چونكە هەرێم تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی رادەستی حكوومەتی فیدراڵی كردووە.
















Leave a Reply