كۆشكی دۆڵمە باخچە.. كۆكەرەوەی سەركردە كاریگەرەكانی دنیا

بینەر: (1.4K)

یەكێك لە كۆشكەكانی ئیستەنبووڵ بەناوی “دۆڵمە باخچە” كە كۆكەرەوەی سەركردە كاریگەرەكانی دنیایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵی وڵاتەكەی گرنگترین دیدارەكانی دەباتە ئەو كۆشكە، ئەمڕۆ وەك سەركردەیەكی كاریگەری دنیا لەسەر پرۆسەی سیاسیی ناوچەكە، دیداری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانی لەو كۆشكەدا كرد.

دۆڵمە باخچە

ناوی كۆشكەكە لە دوو وشە پێكهاتووە، دۆڵمە dolma واتە “شتێكە بخرێَتە ناو شتێكی ترەوە” باخچە bahçe كە لە زمانی كوردیش هەر بەمانای باخچە دێت، واتە ئەو كۆشكەی كە لە ناوەوەیش باخچەی تێدایە.

كۆشكەكە لە گەڕەكی بەشیكتاش، لەسەر كەناری ئەوروپی بۆسفۆر لە ئیستەنبووڵە لە نێوان ساڵانی 1853 تا 1856 لەسەر فەرمانی سوڵتان عەبدولمەجیدی یەكەم فەرمانی دروستكردنی درا، كە دیزاینەكەی تێكەڵەیەكی ئەرمەنی و توركییە.

كۆشكەكە لە ساڵی 1856 جێگەی “تۆپكاپی” گرتەوە و بوو بە ناوەندی سەرەكی کارگێڕیی دەوڵەتی عوسمانی و دوایین ماڵی مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری توركیای نوێ لە كۆشكەكەدا بووە.

ئەوە گەورەترین كۆشكە لە توركیا لە 285 ژوور و 46 هۆڵ پێكهاتووە، گەورەترین چرای كریستاڵی لە جیهاندا لەوێدا بەكار هاتووە، كۆمەڵێك تابلۆی هونەرمەندانی تورك و ئەوروپیی تێدایە.

لە باخچەوە بۆ ناوەندێكی گرنگی سیاسی

كۆشكەكە بەوە ناسراوە كە كاریگەرترین سەركردەكانی سیاسیی دنیا كۆ دەكاتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لە پرۆتۆكۆڵی دیدارەكانیدا سەركردە گرنگەكان لەو كۆشكە میوانداری دەكات.

ئەوەیش وایكردووە كە كۆشكی دۆڵمە باخچە تەنیا كۆشكێكی مێژوویی نەبێت، بەڵكو ئامرازێكی دیپلۆماسیی گرنگ بێت بۆ دنیا كە بووەتە سیمبووڵی هێز و مۆدێرنبوون.

هەڵبژاردنی كۆشكەكە بۆ میوانداریی هەر سەركردەیەك چەندان پەیام دەگەیەنێت، لەوانە شكۆمەندی و بەردەوامیی مێژوویی و كراوەیی بۆ دنیا و كاریگەرییەکانى.

سەركردەی شكۆمەند

لە سەردەمی ئەتاتورك و دوای ئەویش چەندان سەركردەی دنیا لەوێ میوانداری كراون كە لەم سەردەمەدا و بەتایبەت لە ساڵی 2025 و 2026 ڤلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراین و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كۆشكەكەدا میوانداری كراون.

ئەوەی جێی سەرنجی زۆری وڵاتانی ناوچەكەیە، توركیا لە دوای 2023ەوە دۆڵمە باخچەی كردووەتە ناوەندێكی چالاك بۆ دیپلۆماسی قەیرانەكان، بەتایبەت بۆ نێوەندگیری نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا.

بەگوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی جەزیرە كۆشكی دۆڵمە باخچە لە سەردەمی نوێدا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بەكاردەهێنرێت و نووسینگەی خۆی لەو كۆشكە داناوە، چەندان رووداوی گرنگی مێژوویی لە سەردەمی نوێ لەو كۆشكە روویان داوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *