زۆرن پێیان وایە پێكەنین باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنی خەمەكان، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە لە توركیا ئەنجام دراوە، توێژەران بەوە گەیشتوون كە قاقای پێكەنین، باشترین چارەسەری گیرانی سییەكانی درێژخایەنە، ئەوە وا دەكات تووشبووانی گیرانی سییەكان، بتوانن باشتر هەناسە وەربگرن.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی “شەرق ئەوسەت” كە هەواڵەكەی لە پێگەی “هێڵس دای” وەرگرتووە، توێژەرانی توێژینەوە نوێیەكە لە توركیا لەبارەی چارەسەری گیرانی سییەكانی درێژخایەن دەڵێن، قاقای پێكەنین، باشترین چارەسەری گیرانی سییەكانی درێژخایەنە، ئەوە وا دەكات تووشبووانی گیرانی سییەكان، بتوانن باشتر هەناسە وەربگرن.
توێژینەوە نوێیەكە لە كۆلیژی پەرستیاری لە زانكۆی حەجی نوبە لە توركیا ئەنجام دراوە، توێژەرانی دووپات دەكەنەوە كە چارەسەر بۆ گیرانی سییەكان و تووشبوون بە پشووسواری، پێكەنین بە قاقایە كە ئەنجامی توێژینەوەكەیانە، بۆ ئەوەیش رێگەی پێكەنین دەستنیشان كراوە كە نەخۆشان دەتوانن راهێنانی لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی پێكەنینەكە سروشتی بێت، راهێنەران لاسایی دەنگی پێكەنیناوی دەكەن وەك دەنگی ماتۆڕ و دەنگی هەندێك باڵندە، جۆری دەنگەكە بەشێوەیەكە نەخۆش بە دڵەوە لە قاقای پێكەنین دەدات. بەوەیش چارەسەرە بۆ كرانەوەی سیییەكان و رزگاربوون لە پشووسواری.
گۆنجەگول ئەڵدان كە لە زانكۆكە مامۆستایە و بەشداری سەرەكی توێژینەوەكەیە، باس لەوە دەكات كە ئەزموونەكە سەركەوتوو بووە و كاریگەریی لەسەر چارەسەر بە پێكەنین هەبووە، ئەویش بۆ ماوەی مانگێك راهێنان لەسەر ئەزموونەكە كراوە.
لەبارەی جۆری نەخۆشییەكە ئەڵدان دەڵێت، گیرانی سییەكان بە یەكێك لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان هەژمار دەكرێت، بە جۆرێك نەخۆش بە ئاسانی ناتوانێ هەناسە وەربگرێت و تووشی پشووسواری دەبێت، ملیۆنان كەس لە دنیا و لە ساڵێكدا تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، لە كاتی تووشبووندا ناتوانن بە ئەركەكانی خۆیان هەستن، بۆیە پشوویان سوار دەبێت كە ناچارن كەسە نزیكەكانیان یارمەتییان بدەن بۆ پێداویستییەكانیان، ئەگەری زۆر هەیە ئەگەر نەخۆشییەكە توندتر بێت، ئەگەر هەیە نەخۆش گیانی لە دەست بدات.












Leave a Reply