عێراق رۆژانە هەزار و 400 میگاوات كارەبا لە كۆمپانیاكانی كوردستان دەكڕێت

بینەر: (597)

بەهۆی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، عێراق كارەبا لە چەندان وڵاتەوە رادەكێشێت، ئامادەكاری بۆ دوو هەزار مێگاوات لە سعوودییەوە دەكڕێت، هاوكات ڕۆژانە هەزار و 400 مێگاوات كارەبا لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان دەكڕێت، بڕیارە زیاتریش بكڕێت.

ئێستە عێراق لە ڕێگەی كوردستان، توركیا و ئوردنەوە هەوڵی پڕكردنەوەی كورتهێنانی كارەبا دەدات، چونكە تووشی كورتهێنانی گەورەی وزە بووەتەوە.

بەپێی ئامارەكان، ئێستە عێراق ڕۆژانە هەزار و 400 مێگاوات كارەبا لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان دەكڕێت، هاوكات ئامادەكاری دەكات بۆ واژووكردنی ڕێككەوتنێك لەگەڵ سعوودیە بەمەبەستی هاوردەكردنی دوو هەزار مێگاواتی تر.

ئەم هەنگاوانە لە كاتێكدان كە بەرهەمهێنانی ئێستەی كارەبا لە عێراقدا 24 هەزار مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەر كارەبا نزیكەی 60 هەزار مێگاواتە، بەمەش جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و خواست زیاتر لە 35 هەزار مێگاواتە.

بەگوتەی بەرپرسانی عێراق، بڕیارە عەلی زەیدی بە یاوەریی وەزیری كارەبا، سەردانی سعوودیە بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبا و ڕەخساندنی زەوینەی ڕێككەوتنەكە.

بەپێی گوتەی بەرپرسان، پرۆسەی بەستنەوەی تەكنیكیی نێوان هەردوو وڵات دوای واژووكردنی ڕێككەوتنەكە، پێویستی بە 24 مانگ دەبێت.

ئێستە هەوڵەكانی بەستنەوەی تۆڕی كارەبا لەگەڵ كوێت لەلایەن بەغداوە 96%ی كارەكانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی رووداوە تەناهییەكانی ئەمدواییەی ناوچەكەوە پرۆسەكە لەلایەن كوێتەوە وەستێنراوە.

عێراق بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر كەرتی وزە، بەردەوامە لە فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی هاوردەكردن، جگە لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە 600 مێگاوات كارەبا لە توركیا و 50 مێگاوات لە ئوردن هاوردە دەكات.

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بەهۆی زۆر پێكردن و یارمەتی نەدانیان لەلایەن حكوومەتەوە، خاوەن موەلیدەكان موەلیدەكانیان وەك ناڕەزایی دژی حكوومەت لەكار بخەن. ئەمەش قەیرانێكی نوێی كارەبا لە عێراق سەرهەڵدەدات.

شارەزایانی بوارەكە پێیان وایە تاكە رێگەی پڕكردنەوەی كارەبا، كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانن، چونكە ئەوان هەم نزیكن و هەمیش سەلامەتن و بەهۆی هیچ هەلومەرجێكەوە تووشی بڕین نابێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *