سه‌رۆكی كوبا له چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانی ئاشكرای كرد، كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكی داڕشتن و تاوتوێكردنی سێ سیناریۆیه دژی كوبا و بۆ ملكه‌چكردنی، كه بریتین له ته‌قینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری وڵات له ڕێی گوشاری ئابووری، یان كۆنتڕۆڵكردنی ئابووری وڵاته‌كه‌مان، یان په‌نابردن بۆ كرده‌ی سه‌ربازی.
میگێل دیاز كانیل سه‌رۆكی كوبا له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ پێگه‌ی ئهلدیاریۆی ئیسپانی ده‌ڵێ، سه‌رۆكایه‌تی كوبا ئاگه‌داری سیناریۆكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ داگیركردن و ملكه‌چكردنی وڵاته‌كه‌مان، یه‌كێك له سیناریۆكانیش بریتییه له ته‌قینه‌وه و هه‌ستانی جه‌ماوه‌ر دژی ده‌وڵه‌ت له ئه‌نجامی گوشاره ئابوورییه‌كانه‌وه، له‌و كاته‌یش ئه‌مه‌ریكا له ژێر ناوی كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆیی ده‌ستوه‌ردان له وڵاته‌كه‌مان ده‌كات.
دیاز كانیل باسی له سیناریۆی دووه‌میش كرد و گوتی، ده‌یانه‌وی ملكه‌چمان بكه‌ن بۆ دانوستانی به زۆریی، له ڕێی سه‌پاندنی زۆرترین سزا به‌سه‌ر ئابووری دوورگه‌كه‌مان، ئه‌و ستراتیجیهیش خۆی له كۆنتڕۆڵكردنی ئابووری كوبا ده‌بینێته‌وه و دواتریش بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی له وڵات به‌كارده‌هێنرێت.
سه‌رۆكی كوبا دوا سیناریۆی ئه‌مه‌ریكایشی خسته ڕوو، كه بریتییه له وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه له كوباوه، ئه‌و سیناریۆیانه كوبییه‌كان خه‌یاڵیان نه‌كردووه و دروستیان نه‌كردووه، به‌ڵكوو له لێدوان و قسه به‌رده‌وامه‌كانی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ماركۆ رۆبیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به ڕووی ده‌رده‌كه‌وێت.
پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كوبا له مانگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ڕابردوو به ته‌واوی تێكچوون، دوای ئه‌وه‌ی واشنتن گه‌مارۆی خسته سه‌ر فرۆشتنی نه‌وتی كوبا و چه‌ندان به‌رپرسی گه‌وره و دامه‌زراوه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی خسته ناو لیستی سزادراوانه‌وه، جیا له‌وه‌ی دادگه‌ی ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تێكی ئاراسته‌ی رائول كاسترۆی سه‌رۆكی پێشووی كوبا بۆ دۆسیه‌یه‌ك كه بۆ ساڵی 1996 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كرد.
حكوومه‌تی دۆناڵد تره‌مپ كوبا كه دوورگه‌یه‌كه و شیوعییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و كه‌وتووه‌ته دووری 150 كیلۆمه‌تر له كه‌ناراوه‌كانی فلۆریدا به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا داده‌نێت، سه‌ره‌ڕای گرژییه‌كان، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌ردوو وڵات دووپاتیان له به‌رده‌وامبوون له گفتوگۆی دیپلۆماسی له نێوانیان كردووه‌ته‌وه.
















Leave a Reply