رۆژی پێنجشەم دابەشكردنی نەوت لە كەركووك دەست پێ دەكات

بینەر: (1.1K)

لە عێراقدا دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا دەستی پێ كردووە، بڕیارە رۆژی پێنجشەم لە كەركووك نەوت دابەش بكرێت، ئامادەكارییەكانیش لە كوردستان دەستیان پێ كردووە.

ساڵانە لە وەرزی زستاندا لە عێراق نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش دەكرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەیرانەكانەوە ئەو بڕە كەمی كردووە.

ساڵانی پێشوو عێراق لە مانگی 10وە دەستی بەدابەشكردنی نەوت دەكرد و دوو مانگ جارێك 200 لیتری دەدا.

بەگوتەی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە رۆژی پێنجشەم 15ی تشرینی یەكەمەوە دابەشكردنی نەوت لە كەركووك دەست پێ دەكات.

د. ئەحمەد كەركووكی گوتی، دابەشكردنەكە لە رێی كی كارد دەبێت و 100 لیتر نەوت بە نرخی پاڵپشتیكراو بە 20 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.

سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان ئاماژەی بەوەش كرد، پرۆسەی دابەشكردنەكە سەرەتا لە سەنتەری شاری كەركووكەوە دەست پێ دەكات و دوای تەواوبوونی سەنتەر، لە دەوروبەری شارەكە و شارۆچكەكان دابەش دەكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *