دۆلار بەرزتر بووەوە.. “وشە” چەند زانیارییەك ئاشكرا دەكات

بینەر: (1.6K)

نرخی دۆلار جارێكی تر بەشێوەیەكی كتوپڕ رووی لە بەرزبوونەوە كرد و ئێستە 100 دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت لە كاتێكدا تا دوێنێ‌ نرخی هەر 100 دۆلارێك بە 158 هەزار دینار بوو.

“وشە” بە دواداچوونی كرد و دەركەت كە شڵەژانێكی زۆر لە بازاڕی دۆلار هەیە كە هیچ هۆكارێكی روون نییە جگە لە دزە كردنی زانیارییەك كە گوایە لەناو بودجەی عێراق نرخی فەرمی دۆلار كراوەتە 150 هەزار دینار، بەڵام ئەو زانیارییە تەنیا دەنگۆیە و هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی ئۆكتۆبەر، سەلام وەسمان خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی دۆلار، بۆ “وشە” گوتی، ئەمڕۆ نرخی دۆلار كتوپڕ بەرز بووەوە كە هۆكارەكەی تەنیا ئەو دەنگۆیەیە كە گوایە نرخی فەرمی دۆلار بەرز دەكرێتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوەی هەیە بەهیچ شێوەیەك سروشتی نییە و دوای رەتكردنەوەی دەنگۆیەكە دۆلار دادەبەزێتەوە.

جەبار گۆران گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكە لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، قسەكان سەبارەت بە گۆڕینی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار كە 132 هەزار دینارەوە دەكرێتە 150 هەزار دینار، كاردانەوەی نەرێنی دروستكردووە و لە بازاڕدا شڵەژانێكی گەورە ڕوویداوە، لەكاتێكدا ئەو باسە نەبووەتە ڕەشنووس، نەچووەتە بەردەم لیژنەی دارایی.

روونیشی كردەوە كە كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار خۆی لە كەمبوونەوەی توانای كڕین و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دابەزینی ئاستی بژێوی دەبینێتەوە.

هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كە عێراق پلانی ئەوەیە نرخی دۆلاری فەرمی و بازاڕ بكاتە یەك واتە لە بازاڕ و لە بانكیشدا نرخەكەی هەر 150 هەزار دینار بێت، بەڵام دیار نییە ئەوە سەردەگرێ‌ یان نا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *