حەیدەر عەبوودی: عێراق زۆر یارمەتیی ئێرانی داوە بەڵام ئەوان رێگە نادەن نەوت هەناردە بكەین

بینەر: (1.4K)

گوتەبێژی حكوومەتی عێراق گلەیی لە ئێران دەكات كە رێگە لە هەناردەی نەوتی عێراق دەگرێت و دەڵێت، هیچ ئاسانكارییەكی بۆ نەكردین.

حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا رای گەیاند، ئابووریی وڵاتەكە گەمارۆ دراوە و هیچ لایەنێك كارئاسانیی بۆ عێراق نەكردووە، لە كاتێكدا عێراق زۆر هاوكاری وڵاتانی ناوچەكە بووە بەتایبەت ئێران.

روونی كردەوە، داوایان لە ئێران كردووە بەهۆی خراپیی رەوشی داراییەوە رێگە بدات نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە بفرۆشرێت، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە، ئەوەش نائومێدی كردین.

گوتەبێژی حكوومەت باسی لەوە كرد، حكوومەتی پێشتر بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، گەنجینەی دەوڵەتی تووشی زیانێكی نزیك لە 36 تریلیۆن دینار كرد، هۆكارەكەشی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار لە 147 هەزار بۆ 132 هەزار دینار گەڕاندەوە.

گوتەبێژەكە ئاماژەی بەوە دا، بەمزووانە كۆمەڵێك بڕیاری حكوومەت دەردەچێت بۆ پاڵپشتیكردنی پێداویستییەكان و هێنانەدی ئارامیی زیاتر لە بازاڕدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *