حەكیم پێشنیازی هاوپەیمانیەتێكی فرەوانی سیاسی دەكات

بینەر: (276)

عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی و هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەكان پێشنیاز دەكات بە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی فرەوانی نوێی سیاسی كە تەواوی پێكهاتەكانی شیعە و سوننە و كورد لەخۆ بگرێت، دەكرێ لە رێگەی لێكگەیشتن بەر لە هەڵبژاردنەكان ببێتە چارەسەرێكی سەركەوتوو، ئەگەرچی ئەو كارە پێویستی بە كاتە، بەڵام ئەو هێزانە لە یەكەوە نزیكن.

حەكیم لە میانی كۆڕێك لە بەغدا جارێكی تر داوای داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت كرد، كە راستییەكی دەستووری و یاسایی و راسپاردەیەكی مەرجەعیەتی باڵایە، ستایشی بەپیرهاتنی بەرپرسیارنەی گرووپە چەكدارەكانی بۆ ئەو داوایە كرد.

حەكیم داوای پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەتی عێراقی كرد و دووپاتی كردەوە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپاردووە بە تەواوكردنی ئەركەكانی و پێكهێنانی كابینەیەكی تەواوی حكوومەتەكەی بەر لە هەر سەردانێكی دەرەكی.

بڕیارە لە ماوەی داهاتوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی بگاتە واشنتن و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، خۆی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵ دەدەن بەر لە سەردانەكە وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتەكەی پڕ بكەنەوە، كە نۆ وەزارەتی بە بەتاڵی ماونەتەوە، پێویستییان بە دیاریكردنی كاندیدەكان و دەنگدانی پەرلەمان هەیە كە تا سەری ئەم مانگە لە پشوودایە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *