دۆخی تەندروستیی كەژاڵ ڕەحمانی بەهۆی مانگرتنی لە خواردن و مانەوەی لە ژووری تاكەكەسیدا تێكچووە، هاوكات “سوهەیلە مەتاعی”یش بەهۆی بەشداریكردنی لە ڕۆژی جیهانیی ژن هەشتی مارس، دەستبەسەر كرا .
دۆخی تەندروستیی كەژاڵ ڕەحمانی چالاكی مەدەنیی كورد دوای 14 ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردن تێكچووە، سەرەڕای ئەوەش ئامادە نییە مانگرتنەكەی بشكێنێت یان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، كەژاڵ ڕەحمانی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە دەستبەسەركردنی خۆی، هاوسەرەكەی (عیسا فەیزی) و برایەكی (دانیال ڕەحمانی) لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە، مانی لە خواردن گرتووە.
بەرپرسانی داواكاری گشتی و شۆڕشی كامیاران ڕایان گەیاندووە كە ئەم سێ هاووڵاتییە كوردە، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەرەوەی وڵات” لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، بڕیاری دەستبەسەركردنی كاتی بۆ ماوەی 20 ڕۆژ بۆ دەركراوە.
بەگوێرەی زانیارییە نوێیەكان، كەژاڵ ڕەحمانی تا كاتێكی نادیار لە مافی پێوەندیكردن و چاوپێكەوتن بێبەش كراوە.
بەرپرسانی دادگاكە ڕایان گەیاندووە: “مانگرتنی كەژاڵ هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ڕەوتی دۆسیەكەی نابێت و ئەگەر بەهۆی مانگرتنەوە گیان لە دەست بدات، تەنیا بڕوانامەیەكی مردنی بۆ دەردەكەین.”
ئەوە لە كاتێكدایە تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی عیسا فەیزی (هاوسەری) و دانیال ڕەحمانی (برای) لە بەردەستدا نییە و ڕێگەیان پێنەدراوە پارێزەر بگرن.
هاوكات، “سوهەیلە مەتاعی” چالاكی مافەكانی ژنان و خەڵكی دێولان، دوای بانگكردنی بۆ دۆسیەیەكی پێوەست بە بەشداریكردن لە ڕۆژی جیهانیی ژن هەشتی مارس، دەستبەسەر كرا و سزای شەش مانگ گرتنی بەسەردا سەپێنراوە.
















Leave a Reply