توێژینەوەیەکی نوێ: جگەرەی ئەلیکترۆنی مەترسی بۆ سەر کۆرپەلە دروست دەکات

بینەر: (1.4K)

توێژینەوەیەکی نوێی تاقیگەیی ئاشکرای کرد کە ماددەیەکی کیمیایی کە وەک تامبەخش لە جگەرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکاردێت، زیانی گەورە بە خانە بنەڕەتییە کۆرپەلەییەکان دەگەیەنێت و لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی گەشەی ئاسایی کۆرپەلە. بەپێی توێژینەوەکە، کە لە گۆڤارێکی زانستیدا بڵاو کراوەتەوە، پسپۆڕان هۆشداریی توند دەدەنە ئەو ژنانەی دووگیانن یان هەوڵی دووگیانبوون دەدەن، کە خۆیان لە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەدوور بگرن.

توێژەران کاریگەرییەکانی ماددەی تامبەخشی “ڤانیلین”یان لە تاقیگەدا تاقی کردووەتەوە، چونکە لە ڕووی ئەخلاقییەوە ناشێت ئەم ماددە کیمیاییە لەسەر کۆرپەلەی مرۆڤ لە ژنانی دووگیاندا تاقی بکرێتەوە. لە تاقیکردنەوەکاندا، خانە بنەڕەتییە کۆرپەلەییەکانی مرۆڤ بەکارهێنراون، کە هاوشێوەی خانەکانی کۆرپەلەن لە هەفتەی سێیەمی دووگیانیدا.

کاتێک توێژەران خانەکانیان خستە بەر بڕێکی زۆر کەمی “ڤانیلین”، بۆیان دەرکەوت کە بڕە بەرزەکانی ماددەکە خانەکانی کوشتووە، لە کاتێکدا بڕە نزمەکانی بوونەتە هۆی ئەوەی خانەکان توانای گەشەکردن و گۆڕانیان بۆ جۆرەکانی تری خانە لەدەست بدەن.

پرۆ تالبۆت، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، ڕای گەیاندووە، “ئەم گۆڕانکارییانە لەوانەیە زۆر مەترسیدار بن و دەتوانن گەشەی ئاسایی کۆرپەلەکان تێکبدەن.” توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە پرۆتینێک بە ناوی “تی.ئاڕ.پی.ڤی.4” لەسەر پەردەی خانە کۆرپەلەییەکاندا هەیە کە لەگەڵ “ڤانیلین”دا کارلێک دەکات و هۆکاری سەرەکیی ئەم کاریگەرییە خراپانەیە.

توێژەران هۆشدارییان داوە کە دەرئەنجامەکانی تاقیگە مەرج نییە بە هەمان شێوە لەسەر ژنان و کۆرپەلەکانیان ڕوو بدەن، بەڵام ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم توێژینەوەیە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی جگەرەی ئەلیکترۆنی هەندێک جار دەبێتە هۆی سەختی لە دووگیانبوون و لەبارچوون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *