بۆچی دۆلار بۆ بازرگانانی كوردستان دابین ناكرێت؟

بینەر: (809)

دوو هۆكاری سەرەكی بۆ جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی دۆلار لە عێراقدا هەیە، پەرلەمانتارێك دووپات لەسەر پێویستی چارەسەركردنی كێشەی پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی تشرینی یەكەم، سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە “وشە”ـی راگەیاند، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی جیاوازی نرخی دۆلار، زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار بە بەراورد بە بڕی دۆلاری خراوەتە بازاڕەوە، ئەمەش بەهۆی ڕێكارەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا و سنوورداركردنی دابینكردنی دۆلار لە ساڵانی دواییدا.

زیاتر گوتی، كاتێك دابینكردنی دۆلار ناتوانێ وەڵامی خواستی بازاڕ بداتەوە، بازرگانان و داواكەرانی دۆلار پەنا بۆ بازاڕی نافەرمی دەبەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ.

ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق، پێنەدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێمی كوردستانی وەك هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕ و گرانبوونی نرخەكانی كەلوپەل ناوبرد.

بە پێی لێدوانەكەی، پێوەندی بە جێبەجێكردنی سیستمی “ئەسیكۆدا”وە هەیە؛ چونكە تا ئێستە هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی ئەم سیستمە لە هەرێمی كوردستان، نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی و پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێمیش بەهۆی ئەم كێشەیەوە ڕاگیراوە.

شێروانی داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، پەلە بكات لە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا، دەستپێكردنەوەی پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان و بە چارەسەركردنیشی، كاریگەریی لەسەر بازاڕی هەرێم و عێراق دروست دەكات.

بە بۆچوونی شێروانی، چارەسەركردنی كێشەی دابینكردنی دۆلار و ڕێكخستنی پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێم، دەتوانێ یارمەتیی كەمكردنەوەی جیاوازی نرخی فەرمی و بازاڕ بدات؛ بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی ڕێكارەكانی خەزانەداری ئەمەریكا و سنوورداربوونی دابینكردنی دۆلار، چاوەڕوان دەكرێت جیاوازیی نێوان دوو نرخەكە بەردەوام بێت، هەرچەندە ئاستی جیاوازییەكە بگۆڕێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *