بۆچی ئافرەتان لە كاتی دووگیانیدا ئارەزووی خواردنی شتی نامۆ دەكەن؟

بینەر: (847)

زۆر لە ئافرەتانی دووگیان لە كاتی دووگیانییەكەیاندا، ئارەزووی خواردنی شتی سەیروسەمەرە و نامۆ دەكەن، وەك ئەوەی لە میلیدا پێی دەگوترێ “بێزوو”، لە كاتێكدا مەرج نییە ئەوانە خۆراك یا خواردنەوە بن، نموونەیان خواردنی قوڕ و خۆڵ، یان تەباشیر و بەفر و كاغەز، كەچی دوای لە دایكبوونی كۆرپەڵەكەیان، ئەو ئارەزووەیان نامێنێت. لەوبارەیەوە پزیشكانی بواری ئافرەتان و لەدایكبوون، زانیاریی دەخەنەڕوو.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی “شەرق ئەوسەت”، زانیارییەكانی لە پێگەی “ئۆنڵی مای هێڵس” وەرگرتووە كە پزیشكان قسەیان بۆ كردووە، لەوێدا باس لەوە دەكرێ كە ئەو ئارەزووە نامۆیە و خواردنی شتی نامۆ لەلایەن ئافرەتانی دووگیان، زۆرجار بۆ ئافرەتەكان خۆیان جۆرێك شەرمەزاری دروست دەكات، بەتایبەتی دەزانرێ خواردنی ئەو شتە نامۆیانە كێشەی تەندروستیی بەدواوە دەبێت. لەبارەی ئەو حاڵەتە پزیشكان باس لەوە دەكەن كە لە بزاری پزیشكیدا پێی دەگوترێ “تێكچوونی بیكا”.

د. لاڤانیا كیران كە بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییەكانی ئافرەت و لەدایكبوونە لە نەخۆشخانەی كیمز لە هیندستان، لەبارەی “تێكچوونی بیكا” دەڵێت، ئەو حاڵەتە وا دەكات ئافرەتی دووگیان ئارەزووی بۆ خواردنی شتی نامۆ هەبێت، لە كاتێكدا ئەو شتە پێوەندیی بە خۆراكەوە نییە و تەنانەت هیچ بەهایەكی خۆراكیی تێدا نییە، وەك بەفر و تەباشیر و قوڕ و خۆڵ و كاغەز و شتی تریش، هاوكات زۆرجار دووگیانەكان خۆیانیش هەست بە شەرمەزاری دەكەن و ئامادە نین پزیشكەكانیان لەو حاڵەتە ئاگادار بكەنەوە، بۆیە زۆرجار كێشەی تەندروستیی بەدواوە دەبێت.

لەبارەی ئەوەی ئەو حاڵەتە چۆن دروست دەبێت، پزیشكەكە دەڵێت هۆكار و فاكتەرەكانی جۆراوجۆرن، بەڵام لە هەمووی زیاتر كەمیی مادەی ئاسنە لەلای ئافرەتی دووگیان، بۆیە بەزۆری دەبینرێ دووگیان ئارەزووی مژینی بەفر دەكات كە بەوە دەگوترێ “باگۆفاجیا”. هەروەها كەمیی زنك بەهەمانشێوە هۆكارە كە كەسەكە هەست بە بێ هێزی و ئەویش پێوەندیی بە كەمیی ئاسنەوە هەیە.

هەروەها ئەو پزیشكە باس لە هۆرمۆن دەكات كە هۆكاری بۆ حاڵەتەكە هەیە بەوەی حاڵەتی دووگیانی، رۆڵ دەبینێ لە گۆڕانكاریی لە هەستی تامكردن و بۆن و ئارەزووی خواردن، ئەوەیش ئارەزووی دووگیان دەگۆڕێ لە شتێكەوە بۆ شتێكی تر. جیالەوەی خوو و بۆماوەییش بەهەمانشێوە رۆڵی لەسەر كەسی دووگیان دەبێت، بۆیە لە هەندێگ كۆمەڵگە كەسی دووگیان ئارەزووی بۆ خواردنی قوڕ و خۆڵ و تەباشیر دەچێت، وێڕای ئەوەی لەو كۆمەڵگەیەدا كەمیی خۆراك نابینرێت، بۆیە بووەتە خوو یان بۆماوەیی.

بەپێی توێژینەوەیەك كە لە ساڵی 2022 كراوە و 739 ئافرەتی دووگیان تێیدا بەشدار بوون، دەركەوتووە 30%یان هەمان حاڵەتی خواردنی شتی نامۆیان هەبووە، تێیاندا تەنانەت خۆڵەمێشی خواردووە و ئارەزووی بۆ خواردنی چووە. توێژەران بەوە گەیشتوون كە پێوەندییەكی روون لە نێوان حاڵەتەكە و كێشە تەندروستی و دەروونییەكان هەبووە، زۆربەی ئافرەتە بەشدارەكان كێشەی كەمخوێنییان هەبووە، بەشێكی تریان كەمیی كێشیان هەبووە.

لەبارەی مەترسیی حاڵەتەكە بۆ دایكی دووگیان و كۆرپەڵە، پزیشكەكە روونی كردووەتەوە، پلەی مەترسییەكە پێوەندیی بەو شتە هەیە كە ئافرەتی دووگیان دەیخوات و هەروەها رێژەی خواردنی شتەكە، بۆ نموونە ئەگەر شتەكە بەفر بێت، ئەوە مەترسییەكی زۆری نابێت ئەگەر زۆری لێ نەخوات، بەڵام خواردنی تەباشیر و قوڕ و خۆڵ، مەترسیی دەبێت و بەكتریا هەڵدەگرن، ئەوەیش كاریگەریی هەیە بۆ هەڵمژینی مادەی ئاسن و رەگەزە خۆراكییەكان، جیالەوەی دەبنە هۆی قەبزی و هەندێك جاریش گیرانی ریخۆڵەكان.

بۆ مەترسیی لەسەر كۆرپەڵەیش دەڵێت، بەپێی توێژینەوەكان دەركەوتووە ئەو شتانەی كە خۆراك نین و بخورێن، ئەگەری هەیە لە كاتی منداڵبووندا كێشە بۆ دایكەكە دروست بكەن و دواتریش كۆرپەڵە لاواز دەكەن، جاریش هەیە دەبێتە هۆی لەدایكبوونی پێشوەختە، ئەوكاتیش كێشی كۆرپەڵە كەم و لاواز دەبێت و ئەگەر ئەوەیش هەیە لە هەندێك حاڵەتدا بگاتە ئاستی مردنی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *