لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی دارایی، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە حكوومەتی بە نیازە چەندان رێوشوێنی دەستگرتنەوە و كۆنترۆڵكردنی خەرجییەكان و كەمكردنەوەی بخاتە ناو بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، لەوانە یەكخستنی هەندێك دەستەی سەربەخۆ و پێداچوونەوە بە مووچەی چەند توێژێك و مووچەی خانەنشینی هەندێك لە بەرپرسان.
سەرچاوەكە ئاماژە دەكات كە تیمی حكوومەت كە بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەی دارای و دانانی چارەسەری گونجاو لە لایەن عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان راسپێردراوە، چەند راسپاردەیەكی بە مەبەستی سووككردنی بارگرانی دارایی سەر گەنجینەی دەوڵەت و سنوورداركردنی خەرجییە ناپێویستەكان پێشكەش كردووە.
ئاماژەی كرد، پێشنیازەكان بریتین لە تاوتوێكردنی دۆخی كەرتی نەوت و میكانیزمەكانی هەناردنی و یەكخستنی هەندێك لە دەستە سەربەخۆكان و توندكردنی چاودێری لەسەر جموجۆڵی دۆلار و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت و پێداچوونەوە بە مووچەی هەندێك توێژ و مووچەی خانەنشینیی هەندێك لە بەرپرسان، بۆ رێگرتن لە دروستبوونی مشتومڕی سیاسی، باسی ئەوە كراوە لە بودجەی 2027 بڕگەیەك هەبێت رێگە بە دواخستنی ئەو رێوشوێنانە دەدات كە بارگرانی دارایی لە ساڵی دارایی داهاتوو دروست دەكەن.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە بەمنزیكانە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكان و پەسندكردنی، لە حاڵەتی پەسندكردنی رێوشوێنەكانی تایبەت بە دەستگرتنەوە و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، خەرجییەكانی حكوومەت لە ساڵی داهاتوو زۆر كەم دەبنەوە.
















Leave a Reply