وەك دەڵێن گەدەی مرۆڤ ماڵی نەخۆشی و دەرمانە، سەرچاوەی سەرەكیی هەرسكردن و بەدەستهێنانی وزەی پێویستە بۆ جووڵانەوە و گەشەكردن و بەجێگەیاندنی فەرمانەكانی لەش و هیتریش، بۆیە گرنگیدان بە تەندروستی گەدە، بەتایبەتی كەمكردنەوەی گوشارەكانی سەری، رێگەیەكی سەرەكییە بۆ پاراستنی، شارەزایان باسی چەند خواردنەوەیەك دەكەن كە نابێت لەسەر گەدەیەكی بەتاڵ بخورێنەوە.
هەندێك خواردنەوە هەن وەك قاوە و شەربەتە ترشەكان، دەبنە هۆی ورووژانی گەدە و سووتانەوە و باكردن و هێڵنجهاتنەوە، بەتایبەتی لەوانەی هەستیاریی كۆئەندامی هەرس و هاتنەوە و گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدەیان بۆ ناو سورێنچك و قورگ هەیە، خواردنەوەی ئەو خواردنەوانە بەر لە ژەمی خواردن، لای ئەوانەی كێشەی هەستیارییان هەیە بێزاركەرە، چونكە بەهۆی كافایین و ترشەكانەوە نارەحەتی و گەڕانەوەی ترشەكانی گەدە بۆ ناو دەم و سورێنچك دروست دەبێت.
شارەزایان ئاماژە دەكەن بۆ خۆپاراستن لەو حاڵەتە، دەكرێ پێش خواردنەوەی قاوە، ژەمێكی سووك بخورێت، یان خواردنەوەیەكی كەمترش، لەگەڵ خۆپاراستن لەو خواردنەوانەی كافایینی زۆریان تیادایە، هاوكات ئەگەر دۆخەكە بەردەوام بوو وا باشترە راوێژ بە پزیشكی شارەزا بكرێت، ئەو حاڵەتەش لای هەموو كەس وەك یەك نییە و كەسانێك هەن بەرگەی دەگرن و لایان ئاساییە.













Leave a Reply