رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی ئاماری مردن و تووشبووانی پەتای “ئێبۆلا” لە كۆنگۆی دیموكراتی، نوێترین ئاماری بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت، ئاماری مردن لە دوو هەزار كەس نزیك بووەتەوە، هاوكات ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە نزیكەی 60 هەزار كەس.
پێگەی “ئەهرام”ی میسری ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، تیدروس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە دەڵێت، لەوەتەی چەندان دەیە لە بڵاوبوونەوەی پەتای ئێبۆلا لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی كۆنگۆی دیموكراتی، بارتەقای ئێستە ژمارەكەی زۆر نەبووە و مەترسیداریش نەبووە، بەتایبەتی زۆربەی تووشبووان كەوتوونەتە هەرێمەكانی باكوری كیفۆ و باشووری كیفۆی رۆژهەڵاتی وڵاتەكە. بۆیە بەرزبوونەوەی ئاماری مردن و تووشبووان بەو شێوەیە مەترسیدارە.
ئەدهانۆم لەبارەی ئاماری دروستی مردن و تووشبووان بە پەتاكە روونی كردەوە، ئێستە ژمارەی مردن بەهۆی پەتاكەوە گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 800 كەس، هاوكات ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە نزیكەی 60 هەزار كەس، چاوەڕێ دەكرێ لەم زستانەدا ژمارەكان زیاتر بەرز ببنەوە.
بۆیە بەڕێوەبەری رێكخراوەكە هۆشداریی دا لە تۆماركردنی زۆری تووشبووان لە ناوچەكانی حەوزی رووباری كۆنگۆ، بۆیە گومانی هەیە بڵاوبوونەوەی بگاتە كینشاسای پایتەخت، ئەوكات مەترسییەكە زۆر زیاتر لە ئێستە دەبێت. باسی لەوەش كرد كە گەیشتن بۆ ناوچەكانی زیانمەند و ئەوانەی زۆرترین تووشبوو بە پەتاكە لەخۆ دەگرن ئەستەم بووە، ئەویش بەهۆی كێشەی گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكان.
بەڕێوەری رێكخراوەكە ئاماژە بەوە كرد كە وەرزی سەرما و باران بەڕێوەیە و لە وەرزی زستاندا پەتاكە زیاتر بڵاو دەبێتەوە، ئەویش لە رێگەی ئاوی پیس و ئەگەری زۆرە بگاتە پایتەخت كە زۆرترین دانیشتووانی تێدا دەژین، بۆیە ئەگەری هەیە ژمارەی تووشبووان زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە.
دواتریش دووپاتی كردەوە كە زۆر گرنگە هەوڵەكان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە بەردەوام بن، ئەویش لە رێگەی هەڵمەتی وەرگرتنی ڤاكسین دژی ئێبۆلا بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی وڵاتەكە كە كێشەی گرووپە چەكدارەكانیان تێدایە.












Leave a Reply