گەرووی هورمز بە قۆناغێكی نوێی تەنگژە تێپەڕ دەبێت، دوای ئەوەی عومان و ئێران ئاشكرایان كرد گەیشتوونەتە چوارچێوەیەكی هەنگاو بە هەنگاو، بۆ كردنەوەی ڕێڕەوێكی كاتی هاوبەش لە گەرووەكە و پەرەپێدانی هەوڵەكانی هەڵگرتنەوەی مینە چێنراوەكانی ناو گەرووی هورمز، ئەو جووڵەیە لە كاتێكدایە تا ئێستەیش جووڵەی كەشتیوانی زۆر كەمە، ئەمەریكایش گوشارە ئابوورییەكانی بۆ سەر تاران زیاتر كردووە و هەڕەشەی گەورەبوونی زیاتری سزاكانی سەر ئێرانیش دەكات.
دەسپێشخەرییەكەی تاران و مەسقەت لە سەرەتادا وا دەردەكەوێ كە چارەسەرێكی كردارەكییە بۆ بازاڕی وزەی دنیا و بازرگانی نێودەوڵەتی، بەڵام لە هەمان كاتدا پرسیارێكی زۆر ئاڵۆز دەهێنێتە پێشەوە، ئێمە لە بەردەم ڕێڕەوێكداین كە ئازادی كەشتیوانی دەستەبەر دەكات، یان بەرانبەر بە داڕشتنێكی نوێین كە ڕێ بە ئێران دەدا گەرووی هورمز بكاتەوە، بێ ئەوەی دەسبەرداری تواناكانی زاڵبوون بەسەر گەرووەكە بێت.
گرنگی ڕێككەوتنەكە ئەوەیە كە باس لە دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز بەشێوەیەكی سروشتی و ڕاستەوخۆ نەكراوە، بەڵكو ڕێڕەوێكی دیاریكراو بۆ ڕێكخستنی جووڵەی كەشتییەكان بەشێوەیەكی كاتی خراوەتە ڕوو. تاران دەڵێ، ئەو ڕێڕەوە كاتییە هاتنی كەشتییەكان بۆ هورمز بە ئاوەكانی ئێران و بەشێك لە دەرچوونیشیان بەهەمانشێوە بە سنووری ئاوی ئێران دەبێت، ئەمەیش ڕۆڵێكی ناوەندی و كۆنترۆڵكردنی گەرووەكە و بەڕێوەبردنی بە ئێران دەبەخشێت.
هەروەها لە ڕێككەوتنەكەدا باس لە هەڵگرتنەوەی مینە چێنراوەكان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕێكخستنی جووڵەی كەشتییەكان و خزمەتگوزاری كەشتیوانی بە سەلامەتی كراوە، لە تەك بەردەوامیدان بە دانوستانی تەكنیكی و هونەری بەو ئامانجەی دواتر بگەن بە ڕێككار و ڕێكخستنی زۆر ورد بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.
ئەگەر ڕێكخستنەكانی تێپەڕینی كەشتییەكان تەواو بكرێن، دەبن بە میكانیزمی هەمیشەیی كە كەشتییەكان پێویستیانە بۆ هاوئاهەنگیكردنی بەردەوامیان لەگەڵ ئێران تا بە گەرووەكە تێپەڕن، بەمشێوەیەیش ئێران لەبری داخستنی گەرووەكە، بەمشێوەیە هورمز بۆ چەكێك و ئامرازێكی هەژموونسەپاندن بەكار دەهێنێت.
ڕێڕەوە كاتییەكە دەكرێ دەرچەیەكی كردارەكی بێت وەك بەشێك لە بازرگانیی دەریایی، بەتایبەت ئەگەر پرۆسەی هەڵگرتنەوەی مینە چێنراوەكان و دەستەبەركردنی نەخشەیەكی ڕوونی ڕێڕەوەكە بۆ هەمووان بوونی هەبێت، بوونی سوڵتاننشینی عومان لە ناو پرۆسەكە جۆرێك لە متمانە و باوەڕپێكراوی پێ دەبەخشێت، بەهۆی ئەوەی لایەكەی تری كەنداویش لە ڕێككەوتنەكە هەن، جیا لەوەیش كەناڵی پێوەندیی نێوان تاران و واشنتن لە یەك كاتدا دەبێت.
سەركەوتنی ئەو ڕێڕەوە پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسی و كۆمپانیای گواستنەوە و دەستەبەركردن و زانینی ئەوەی كێ بەرپرسیاریەتیی ئەوە هەڵدەگرێت كە ئەگەر ڕووداو یان هێرش بكرێتە سەر هەر كەشتییەك، كێ گەرەنتی تێپەڕینی كەشتییەكان دەكات ئەگەر جارێكی تر گرژی لە ناوچەكە دروست ببێتەوە.
ژمارەی ئەو كەشتییانەی ئێستە بە هورمز تێپەڕ دەبن، جۆرێك لە بۆشایی لە نێوان هەڵوێست و قسەی سیاسەتكاران و واقیعی گەرووەكە هەیە، سێشەمی ڕابردوو تەنیا پێنج كەشتی بە گەرووەكە تێپەڕین و ڕێژەی مامناوەندی تێپەڕینی كەشتییەكان 15 كەشتییە لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا و دوێنێ چوارشەمیش تەنیا چوار كەشتی توانیویانە بە هورمز تێپەڕن.
ئەگەر بەشێكی ڕێڕەوەكە بە سنووری ئاوی ئێران تێپەڕ بێت، ئەوا تاران لە ڕووی تیۆری و كردارییەوە توانای دەبێت هەمیشە كاریگەریی لەسەر جووڵەی كەشتییەكان دروست بكات، تەنانەت ئەگەر پابەندی ئەوەیش بێت كە كەشتییەكان بە ئامانج نەگرێت، بوونی ئەو توانایە مانای ئەوەیە لە هەر كاتێك دەكرێ تاران ئەمە وەك كارتی گوشار بەكار بهێنێت و جووڵەی كەشتیوانی بوەستێنێت و مەرجی پێشوەختە دابنێت.
ڕێڕەوێكی لەمجۆرە دەستەبەری ئازادی كەشتیوانی ناكات، بگرە ئازادی كەشتیوانی مەرجدار دەخاتە خزمەتی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی، بەڵام كۆمپانیاكان تەنیا لە ڕێگەیەكی لەمجۆرە ناگەڕێن كە دواتر بە گوێرەی مامەڵە و ململانێ پێشهاتی سیاسی و سەربازی گۆڕانی بەسەردا بێت.
جیا لەوە بوونی مینی چێنراو و ناكۆكی وا دەكات مەترسییەكان زیاتر بن، هەرچەندە عومان و ئێران دەڵێن مینەكان هەڵدەگرینەوە و ئەمەریكایش باس لەوە دەكات كە بەشێكی مینە دەریاییە چێنراوەكانی لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتی هەڵگرتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران بە تەواوی ئەمە ڕەت دەكەنەوە.
ئەمە ژینگەیەكی نالەباری تەناهی لە ناوچەكە دروست كردووە، كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریاییش بەمشێوەیە دڵنیا نین و ڕوو لە ناوچەكە ناكەن. هەرچۆنێك بێ ڕێككەوتنەكە هیچ سازشێكی ئێرانی لەسەر گەرووی هورمز تێدا نییە، بگرە زۆرترین سوودی بۆ ئێران تێدایە و بە تەواوی ددان بە هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمز دەنێت.
















Leave a Reply