ئیمارات و ئەمەریكا بە هاوبەشی ڕووبەڕووی تۆڕی دارایی سێبەری ئێران دەبنەوە

بینەر: (459)

لە كاتێكدا واشنتن گوشارەكانی لەسەر كەناڵە دارایی و بازرگانییەكان چڕ كردووەتەوە كە ئێران پشتیان پێ دەبەستێت، لەمدواییە لقی “بانكی میسر” لە ئیمارات خرایە ناو لیستی سزاكانی ئەمەریكاوە، ئەمەیش دووبارە گرنگیی ئیمارات بە گشتی و دوبەی بەتایبەتی هێنایەوە بەرباس لە مامەڵەكردن لەگەڵ بازاڕ و ئابووری ئێران.

گوتەبێژێك بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بۆ “حوڕە” گوتی، هاوئاهەنگییەكان لەگەڵ ئیمارات بەردەوامیان هەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو چالاكییانە و قورستركردنی گوشار و سزاكان لەسەر سەرچاوەكانی پارەداركردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا و ئیمارات هاوئاهەنگی پتەو و بەردەوامی خۆیان پاراستووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاكییەكانی ئێران كە ئامانجی تێكدانی ئاسایشی ناوچەكەیە و چەندان تۆڕی قاچاخی بۆ خۆ دزینەوە لە سزاكان و كۆكردنەوەی پارە بە ڕێگەیەكی ناشەرعی دروست كردووە.

ئەمەریكا لەگەڵ ئیمارات و هاوپەیمانەكانی تری لە ناوچەكە بەردەوام دەبن بۆ بەرتەسككردنەوەی سنووری ئێران لە نەهێشتن و دیتنەوەی خاڵی نهێنی و نەزانراوی سیستمی دارایی ئێران.

ئەو لێدوانانەی گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوە لە كاتێكدایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لقەكانی بانكی میسری لە ئیمارات خستە ناو ڕیزی سزاكانەوە، ئەمەیش پێچەوانەی سەرنجی واشنتنە كە زیاتر كار لەسەر دامەزراوە داراییەكانی ئێران لە دەرەوە دەكات، نەك دامەزراوەی دارایی وڵاتانی تر.

لە ڕاگەیەنراوێكدا گەنجینەی ئەمەریكا نووسیویەتی، لقەكانی بانكی میسر لە ئیمارات وێستگەی سەرەكی دەسكەوتنی دۆلاری ئەمەریكییە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. بۆیە بە پشتبەستن بە مادەی 311ی یاسای پاتریۆتی ئەمەریكی وەزارەتی گەنجینە دەسەڵاتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی دژی دامەزراوە داراییە بیانییەكان هەیە، كاتێك ئەو دامەزراوانە وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی لە بواری سپیكردنەوەی پارە كار دەكەن.

بەمدواییە ئێران كەناڵەكانی دامەزراوەی دارایی دەرەكی بەكار دەهێنا بۆ دەسكەوتنی دراوی بیانی و قورس و گواستنەوەی بۆ وڵاتەكەی، هەرچەندە پێوەندییەكە بە نهێنی و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوە ئابووری و داراییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

لە بەرانبەر سزادانی بانكی میسر، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە، سەرجەم وڵاتانی دنیا بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی پێویستە پابەند بن و هیچ جۆرە سزایەكی ئەمەریكا جێبەجێ نەكەن، چونكە بەشداریكردن لە تەك ئەمەریكا واتە سەپاندنی ئیرادەیەكی ناشەری به سەر دەوڵەتە سەربەخۆكانیان.

لە 24ی ئاب/ئۆگەست ئەمەریكا ئۆپراسیۆنی خنكاندنی ئابووری ئێرانی ڕاگەیاند، ئەو هەڵمەتە چالاكیی سەربازی و سیبرانی و بازرگانی ئێران دەكاتە ئامانج، سزا بەسەر هەر نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو و تۆڕی بازرگانی سەربە وەزارەتی بەرگری یان سوپای پاسداران و سەرجەمیان دەخرێنە لیستی تیرۆر و سزاكانەوە.

ئەو گوشارە زۆر و توندەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە ئیمارات پێگەیەكی سەرەكی لە بازرگانی ئێران كۆنترۆڵ كردووە، دوبەی بووەتە ناوەندێكی هەرە گرنگ بۆ هەناردەكردن و خزمەتگوزاری دارایی و بازرگانی پێوەست بە باڕش ئێران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی ئیمارات لە 2024 زیاتر لە 30%ی داهاتی ئێرانی دەستەبەر كردووە، بڕەكەیشی گەیشتووەتە نزیكەی 21 ملیار دۆلار ئەمەریكی، هەروەها 13% هەناردەی ئێران بە بڕی حەوت ملیار دۆلار بۆ ئیماراتەوەیە، بەمشێوەیەیش ئیمارات لە دوای چین و عێراقەوە.

كۆی گشتیی بازرگانی نانەوتی نێوان هەردوو وڵات لە 2024 گەیشتە 6.6 ملیار دۆلار، بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی ئابووری ئیمارات، ئۆپراسیۆنەكانی دووبارە هاوردە كردنەوە زۆرترین بەشی بازرگانی نێوان ئیمارات و ئێرانی لەخۆ گرتووە.

بازرگانییەكە بە جۆرێك كە ئێران كاڵاكانی دەبردە كەناراوەكانی ئیمارات، لەوێشەوە وەك كاڵای ئیماراتی دەفرۆشرایەوە و ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم دەكرا.

بەگوێرەی شیكارێكی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك، مامەڵەی دارایی نێوان شاری دوبەی لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە سەرووی 6.4 ملیار دۆلارەوە، 42% ئەو پارەیە كە لە ئیماراتەوە بۆ ئێران جووڵەی كردووە، لە ناوچەكانی بازرگانی ئازاد بووه و 40%یشی لە ڕێی ناوەندی دوبەی بۆ كاڵا جۆراوجۆرەكان بووە.

رۆبێرت مۆگیلنیكی توێژەر لە پەیمانگەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە واشنتن دەڵێ، پێوەندی ئابووری نێوان هەردوولا ناهاوسەنگە و دوبەی گرنگییەكی یەكجار زۆری بۆ ئێران هەیە، بە پێچەوانەوە ئێران بۆ دوبەی هێندە گرنگ نییە، تاران سوودی زۆری لە كرانەوەی ئابووری دوبەی وەرگرتووە.

ماسیۆ لیڤیت توێژەری یەكەم لە پەیمانگەی واشنتن بۆ “حوڕە” دەڵێ، ئەمەریكا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو 353 قەوارەی پێوەست بە ئیماراتی بەهۆی چالاكی نایاسایی پێوەست بە ئێران خستووەتە ناو لیستی سزاكانەوە، لەو ژمارەیە تەنیا 154 قەوارەیان لە ساڵی ڕابردوو سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

دوای ئەوەی لە 18ی ئاب/ئۆگەستی ئەمساڵ ئیمارات بڕیاری وەستاندنی سەرجەم چالاكی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئێران وەستاند لە پەراوێزی دەستدرێژییەكانی ئێران بۆ سەر ئیمارات، چاوەڕوان دەكرێ ئەمە كاریگەری تەواوی بەسەر ئێرانەوە هەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *