پێوەندییەكانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەستیارترین دۆخدایە، دوای ئەوەی هاوبەشایەتیی نێوان بەغدا و واشنتن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە یەكێك لە گرنگترین دۆسیە ئاڵۆزەكانی ناوچەكە كە ئەویش ئێران و هەژموونیەتی، لە عێراق بەریەك دەكەوێت.
ڕۆژی هەینی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ جۆشوا هاریس هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە كاتێكی زۆر هەستیار كۆبووەوە. واشنتن ئێستە دەیەوێ هاریكارییەكانی لەگەڵ بەغدا فراوان بكات، لە دیوێكی تریشەوە دەیەوێ گوشاری ئابووری بۆ سەر ئێران و تۆڕی پێوەندییەكانی لە ناوچەكە بپچڕێنێت.
عێراق چیتر بۆ ئەمەریكا تەنیا هاوبەشێكی تەناهی یان گۆڕەپانی لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییە چەكدارەكان نییە، بەڵكو بووە بە بەشێك لە هاوكێشەیەكی فراوان و پێوەستە بە دووبارە ڕێكخستنەوەی ژینگەی ئابووری ناوچەكانی دەرووبەری ئێران. جووڵەكانی ئەمدواییەی ئەمەریكا ئەوە دەردەخەن كە دەكرێ بەغدا ببێت بە خاڵێكی سەرەكی بۆ كەمكردنەوەی توانای ئابووری تاران، لە ڕێی نەهێشتنی بازرگانی و پێوەندیی دارایی نێوان بەغدا و تاران كە چەند ساڵێك وەك دەرچەی كەمكردنەوەی سزاكان لەلایەن ئێرانەوە بەكار دەهێنرێت.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كارتێكی زۆر توند و هەستیاری بە دەستەوەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق، ئەویش پێگەی ئەمەریكایە لە ناو سیستمی دارایی عێراق، بەتایبەت ئەوەی پێوەستە بە داهاتی نەوت و پێوەندی بە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی و بەكارهێنانی دۆلار لە بازرگانی و ئاڵوگۆڕەكان، بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتەكان، واشنتن بە كردەیی دەستی كردووە بە بەكارهێنانی هەژموونی بەسەر كەرتی دارایی عێراق بۆ گوشار خستنە سەر تۆڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ ئێران لە ناوخۆی عێراق، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەر بانكەكانی عێراق و وەستاندنی پرۆسەكانی گواستنەوەی دۆلار لە ئەمەریكاوە بۆ عێراق، ئاماژەدان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر دژی ئەو تۆڕانەی كە یارمەتیی تاران دەدەن، تا خۆی لە سزاكان بدزێتەوە.
ئەو گوشارانە گرنگییەكی تایبەتیان هەیە، بەهۆی ئەوەی عێراق لایەنێكی دوور نییە لە ئابووری ئێران، بازرگانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە لە 2025، هەروەها بەغدا بەشێوەیەكی سەرەكی لە ڕووی وزە و كاڵا و خزمەتگوزارییەكانەوە پشت بە ئێران دەبەستێت، بۆیە هەر هەوڵێكی خێرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێوەندی ئابووری نێوان هەردوو وڵات پێوەستە بە لێكەوتی ناوخۆی لە هەردوو وڵاتەوە.
ئەمەریكا دەیەوێ بە تەواوی پێوەندی ئابووری ئێران و عێراق نەپچڕێنێت، بگرە دووبارە سروشتی ئەو پێوەندییە ڕێك بخاتەوە، بەو جۆرەی كە عێراق نەبێتە كەناڵی پارەداركردنی ئابووری ئێران و خۆشاردنەوە لە سزاكانی ئەمەریكا.
حكوومەتی زەیدی هاوكێشەكە زۆر بە ئاڵۆز دەبینێت، بەغدا پێویستی بە پێوەندییە لەگەڵ واشنتن بۆ پەرەپێدانی كەرتی ئابووری و وزە و وەبەرهێنان، بەڵام لە هەمان كاتدا ناتوانێ قووڵایی ستراتیجی و جیۆگرافی و ئابووری و سیاسی خۆی لە تاران پەراوێز بخات.
ئەو هاوسەنگییە بە ڕوونی لە جووڵەكانی دەرەوەی زەیدی لە چەند مانگی ڕابردوو دەركەوتووە، دوای سەردانەكەی بۆ واشنتن سەرنجی خستە سەر وەبەرهێنان و وزە و هاریكاری ئابووری، لە هەمان كاتدا سەردانی تارانیشی كرد و هەردوولا ڕێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتن لە بواری ئابووری و دارایی و وزە واژوو كرد.
ئەو جووڵانە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەغدا بۆ پشتبەستن بە فرەجۆركردنی هاوبەشایەتی لەگەڵ وڵاتان، لەبری خۆبەستنەوە بە یەك وڵات بگرێتەبەر. ئەو سیاسەتەیش كارتی مانۆركردن بە عێراق دەدات، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا حكوومەت دەخاتە بەردەم بژارەیەكی قورس لەگەڵ واشنتن، بەتایبەت كە حكوومەتی ئەمەریكا هەندێ لە پێوەندییە ئابوورییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران بە تێپەڕاندنی سنووری هاریكاری بازرگانی سروشتی هەژمار دەكات.
دۆسیەی ئابووری لە دۆسیەی تەناهی ناتوانرێ لە یەكتر جیا بكرێتەوە، ئەمەریكا بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێوەندیی بە داهاتووی هاوبەشایەتی لەگەڵ بەغدا و توانای حكوومەتی عێراق لە كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.
دارایی و چەك و سیاسەتی دەرەوە لە عێراق بۆ هەر لایەك ڕابكێشرێت، لاكەی تر لاسەنگ دەبێ و گوشار دەكات، واتە هەرچەند عێراق بە ئاراستەی واشنتن نزیك ببێتەوە، تاران وەك پاشەكشەی هەژموونی خۆی بەسەر عێراق هەژماری دەكات و دەستەوەستان نابێت، هەرچەند پێوەندیی ئابووری نێوان عێراق و ئێرانیش بەهێز بن، ئەوا ئەمەریكا قبووڵی ناكات.
ئێستە ئەمەریكا دەتوانێ ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئابووری ئێران لە عێراق تەنیا لە ڕێی سیستمی دارایی عێراق جێبەجێ بكات، بێ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بكەوێتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆوە.
ئاماژەكانیش بەو ئاراستەیەن كە عێراق بۆ نموونەیەكی تاقیكردنەوەی توانای ئەمەریكا لە ڕێی كەرتی دارایی دنیا و هەژموونی بەسەر كەرتی دارایی عێراقەوە، گوشار لەسەر ئابووری ئێران دادەنێت، بەتایبەت كە ئابووری عێراق زۆر پێوەستە بەو سیستمە داراییە كە ئەمەریكا بەڕێوەی دەبات.
















Leave a Reply