ئێستە کە 65 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولدا تێدەپەڕێ، دیسان دەبێت بێینەوە سەر ئەو ڕاستییەی کە ئەم شۆڕشە لە چەق و سەرچاوکەیەکی کاریزماییەوە هەڵقوڵا و تا ئێستەیش هەر بەو کاریزماوە گرێ دراوە و یادیشی دەکرێتەوە. لەبەرئەوە حەقە هەموو ساڵ و ساتێک تیشک بخەینە سەر وانە و حیکمەتەکانی ڕابەری ئەم شۆڕشە مەزنە و زیاتر لێی ڕۆچین.
مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەری ئەفسانەیی کوردستان، لە دووەمین دەیەی سەدەی بیستەم هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و ئەوەندەی نەخایاند ناوبانگی سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و لە ئاسمانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا دەرکەوت. ئەو، یەکێک لە ڕێبەرە ناودارەکانی کوردستان بووە کە کارنامەی ژیانی پڕشانازیترین سەردەمەکانی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانی تۆمار کردووە.
بارزانی لە پێگەی ڕێبەرێکی کاریزمایی لە سەدەیەکی پڕ گێژاو و تۆفاندا، بزووتنەوەی کوردستانی ڕێبەرایەتی کرد و لە قۆناغە چارەنووسسازە مێژووییەکاندا، بە پشتبەستن بە جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە و کەڵکوەرگرتن لە عەقڵیەتی سیاسی، ڕەوت و ڕەوگەی خەبات و شۆڕشی ئەندازیاریی کرد و ئازارەکانی نەتەوەکەی بە جیهانی کرد.
ژیانی ئەم رێبەرە نەتەوەییە، لە هەمان سەردەمی منداڵییەوە، وەک ژیانی نەتەوەکەی لێوان‌لێو بوو لە هەوراز و نشێوی زۆر، لە تەمەنی سێ ساڵیدا و لەگەڵ دایکی کەوتە زیندانی مووسڵ، لە 18 ساڵیدا بۆ دیدار و دانیشتن لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولقادری نەهری، لە ڕێبەرانی سیاسی کورد، ڕا‌سپێردرا تا بەرەو تورکیا سەفەر بکات. لە تەمەنی 19 ساڵیدا بە مەبەستی پشتگیری لە شێخ مەحموودی حەفید (نەمر) سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، هێزەکانی خۆی بەرەو سلێمانی جووڵاند.
ساڵێک دواتر، بارزانی ئیتر فەرماندەیەکی 20 ساڵان بوو کە بۆ ڕزگارکردنی “ئەندریک پاشا” لە چنگی هێزەکانی تورک، چوو بە هانای ئەرمەنییەکانی تورکیاوە. پاش حەوت ساڵ دوور خرانەوە بۆ بەغداد و سلێمانی، لە 1945 سەرکردەیەکی 41 ساڵە و خۆگرتوو بوو کە لەگەڵ چەند هەزار پێشمەرگە لە بارزانەوە بەرەو مەهاباد ڕۆیشت و هاوڕێ لەگەڵ قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان، هێزە چەکدارەکانی کوردستانی بە پلەی جەنراڵ، سەرکردایەتیی کرد.
ساڵی 1947 واتە تەمەنی 43 ساڵی، هاوکات بوو لەگەڵ ڕێڕۆینە ناودارە مێژووییەکەی کە مەهابادی خوێناوی بە کەنارەکانی رووباری ئەرەسەوە گرێ دا، ئەمە لە دەستەویەخەبوونێکی پارتیزانی و نایەكسان لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی ئێران، عێراق و تورکیا کە دەرئەنجامەکەی بوو بە پەنابەریی بۆ ماوەی 12 ساڵ لە یەکێتی سۆڤییەت.
لە گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان، ڕێبەرایەتی و خەباتەکەی بە سەرکردایەتی مەزنترین بزووتنەوەی کوردستان کامڵ کرد و ناوی لە مێژوودا وەک ڕێبەرێکی ئایدیالیست و رزگاریخواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دنیادا، مایەوە.
بە بڕوای شیکارانی پرسەکانی کوردستان، ئەگەر خەبات، تێکۆشان و ڕێبەرایەتی حەکیمانەی ئەم پیاوە کەموێنەیە لە مێژووی کوردستاندا نەبوایە، ڕەنگە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئەمڕۆ ڕەوت و روخسارێکی تری هەبوایە و مێژووی بزووتنەوەكەیش بە شێوازێکی دیکە دەشکایەوە. ڕوانگە و هەڵسەنگاندنەکان لەبارەی کەسایەتی ئەم پیاوە، شایه‌تن لەسەر کارەکتەری ئەفسانەیی و پێگەی بێ هاوتای ئەو لە بزووتنەوەی کوردستاندا.
ئەو ڕستانەی قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان لە دادگای سەربازیی له زستانی ساڵی 1946 لە مەهاباد لە بەردەم بەڕێوەبەرانی دادگادا بە هاوارەوە دەریبڕی، ئاوێنەیەکی باڵانوێنن بۆ نواندنەوەی کەسایەتی بارزانی كاتێك گوتی: مەلا مستەفا بارزانی هێمای جوامێری، کەرامەت، شەرافەت، بوێرییەکی لەشکست نەهاتوو و بەخشندەیە. ئەو وەک مسوڵمانانی سەدری ئیسلام پاک و بێگەرد و ڕاستگۆیە، هەروەها کە سەعدی دەفهرموێ: کۆی ئەو شتەباشانەی هەموو چاکەکان هەیانە، ئەو بە تەنیا هەیەتی… چون مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی، چرای گەشاوەی سبەینێی نەتەوەی کوردن و منیش ئاڵای کوردستانم بەوان سپاردووە، هیوادارم ئاڵای نەتەوەکەی من ڕۆژێک لەسەر ئەم ماڵە و هەموو کوردستان بشەکێتەوە.
بێ هۆ نییه هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، دکتۆر ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان که‌سایه‌تی ناسراو و خاوه‌ن ئیمتیازی حه‌وته‌نامه‌ی «کوهستان-کوێستان» له تاران، له ساڵی 1946 له بڵاڤۆکە‌که‌یدا بەم شێوەیە ڕێبه‌رە گەنجەکەی کوردستان به خه‌ڵکی ئێران دەناسێنێ: «مه‌لا مسته‌فا پیاوێکی ڕووناکبیره، زمانگه‌لی کوردی، عه‌ره‌بی و فارسی به باشی ده‌زانێ و تا ڕادەیەکیش شاره‌زای زمانی ئینگلیزی و تورکییه. کەسایەتییەکی دروستکار و قسە لەڕووە و بڕوایه‌کی پتەوی به نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌یه. پیاوێکی تێگەیشتوو و خاوەن لۆجیکە و بەرانبەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە دادێت، هەوڵ دەدات هەتا ئەو شوێنەی بلوێت ڕێگەی ئاشتیانە و ئەقڵانی بگرێتە بەر.»
سه‌فه‌ر قاره‌مانیان خه‌باتکاری چه‌پخوازی ئازه‌ربایجانی و کۆنترین زیندانی سیاسیی سه‌رده‌می حکوومەتی په‌هله‌وی له ئێران، له وتووێژ لەگه‌ڵ عه‌لی ئەشرهف ده‌روێشیان، هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ بارزانی له ساڵی 1946 به‌م چیشنه ده‌گێڕێته‌وه: «مه‌لا مسته‌فا لە نوێژدا زۆر قایم و تاقەتدار بوو، ڕۆژێک له گوندی مێرگەوەڕ کەوتینە بۆسەی دوژمنەوە، مه‌لا مسته‌فایان ئاگادار کرده‌وه که گه‌مارۆ دراوین و سه‌ربازەکان چواردەوری گونده‌که‌یان داوه. مه‌لا مسته‌فا نوێژی دەكرد. هەرچه‌ن داوایان لێکرد نوێژه‌که‌ی ببڕێ تا بتوانێ هه‌ڵبێ یاخۆ به شه‌ڕ بێ، بایه‌خێکی نه‌دا، تا به ته‌واوی له نوێژه‌که‌ی بووه‌وه. ئێمه زۆر ترسابووین. له‌سه‌ر ئه‌سپه‌کانمان چاوه‌ڕێ بووین تا نوێژه‌که‌ی تەواو بکات. كە سڵاوی دایەوە، ده‌ستی به شه‌ڕ کرد و توانیمان لێیاندهین و گه‌مارۆی سه‌ربازه‌کان بشکێنن و له‌وێ ده‌رباز بین. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم مه‌لا مسته‌فا ئاوا نه‌ترس و خاوەن ئیمان بوو… »
ئه‌بولحه‌سه‌نی ته‌فره‌شییان ئه‌فسه‌رێکی دیکەی ئێرانی و ئه‌ندامی ڕێکخراوی ئەفسهرانی خوراسان کە له ساڵی 1946 وه‌ک سه‌فه‌ر قاره‌مانیان، هاوڕێی بارزانی بووە. له کتێبه‌که‌ی خۆیدا؛ «ڕاپەڕینی ئه‌فسه‌رانی خوراسان»، به‌م شێوە مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ خوێنەران باس دەکات و دەنووسێت:
«مه‌لا مسته‌فا پیاوێکی تێگه‌یشتووه، ئەو زمانگه‌لی فارسی، عه‌ره‌بی و کوردی باش ده‌زانێ. به تورکیش قسه ده‌کات. له ڕێگەی گوڵستانی سەعدیهوه فێری فارسی بووبوو، هه‌ر بە شێوازی گوڵستانیش قسه ده‌کا… له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و جەماوەره‌که‌ی لەسه‌ر سفره‌یەک داده‌نیشت و له‌گه‌ڵیان نانی ده‌خوارد، دەڕۆیشت بۆ شەڕ و لەگەڵیشیان لە سەنگەر دەخەوت… تەنیا ئەوە بەس بوو سواری ئەسپەکەی ببێ، ئیتر بێ سێ و دوو 500 سواری چه‌کدار ده‌که‌وتنه شوێنی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێ بکه‌ن… شاره‌زاییه‌کی زۆری له‌سه‌ر زه‌وی و هه‌وراز و نشێو هه‌بوو، زۆر به وردی لێکی ده‌دایه‌وه و ئەوکات بڕیاری ده‌دا. هه‌رچه‌نده ئێمه پسپۆڕی کاروباری سەربازی بووین و به شێوازێکی ئەکادیمی ڕاهاتبووین، به‌ڵام له ڕاستیدا پاش لێکدانەوه و تاوتوێیه‌کی زۆری نەخشە و ڕا و ڕاوێژ، ئه‌گه‌ر باش بڕیارمان بدایه، ئینجا وەک ئه‌و بڕیارمان ده‌دا.»
بارزانی له ساڵی 1966 له یه‌که‌مین نامه‌ی ڕۆشنگەرانەی خۆی بۆ «ئۆتانت» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به ڕوونی و ڕاشکاوی بڕوای به خه‌باتی ڕزگاریخوازیی کوردستان و ڕزگارکردنی گه‌لی کورد له ئازار و مەینەتییە مێژووییه‌کانی دەردەخات و دەنووسێ:
«پتر له چوار ساڵه نیشتمانیی ئێمە، واتە کوردستانی عێراق، له‌گه‌ڵ شه‌ڕێکی ڕەگەزی مه‌ترسیداردا بەرەو ڕووە؛ شه‌ڕێک درێژتر له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و چەند مانگێک که‌متر له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی. شه‌ڕێک به چه‌کی کاولکه‌ر و کوشندە که ته‌نیا که‌سانێک ده‌ره‌نجام و لێكەوتە پڕ له نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تییه‌که‌ی دەبینن که خۆیان جەنگێکی وایان ئەزموون کردبێ. ئه‌و گرفتانه‌ی گه‌لی کورد تووشی هاتووە، به سوێتر و پڕئازارترە له کێشه و ئازارەکانی سه‌رده‌می ڕه‌ش و تاریکی کۆلۆنیالیزم. ئه‌و سیاسه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌یەی ده‌سەڵاتدارانی عێراق گرتوویانەتە بەر، بێگومان ئه‌گه‌ر له سیاسه‌تی پووچه‌ڵ و بێده‌ره‌نجامی حکوومه‌تی داگیرکه‌ری ڕۆدزیا و ئافریقای باشوور زۆرتر نه‌بێ، که‌متر نییه.»
ئاوا بوو هه‌ڵاتنی خۆرێکی دره‌وشاوه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان، تیشکه ڕێگە ڕۆشنکه‌ره‌که‌ی بۆ هه‌میشه به‌رچاومان ڕوون ده‌کاته‌وه.












Leave a Reply