كەمخوێنی یەكێكە لە حاڵەتە تەندروستییەكانی زۆر كەس بە دەستییەوە دەناڵێنن، واتە لەشی مرۆڤ بڕی پێویستی لە خڕۆكە سوورەكانی خوێن و هیمۆگڵۆبینی تیادا نییە، ئەوەش كار لە گەیشتنی ئۆكسجین بۆ خانەكانی لەش دەكات، لە پیاوان بە هەنگاو پەرە دەستێنێت، بۆیە نیشانەكانی سووك و ناروونن، بەڵام كار لەو كەسە دەكەن و پێویست بە چارەسەركردن دەكات.
چەند نیشانەیەك بۆ كەمخوێنی هەن، لەوانە هەستكردن بە شەكەتی و ماندووبوون و لاوازیی لەش بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی وزە لە لەش، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی توانای وەرزشكردن و جووڵانەوە بە گشتی، هەروەها هەناسەتەنگی، بەتایبەتی لە كاتی وەرزشكردن، هۆكارەكەشی دروستبوونی كێشە لە گەیشتنی ئۆكسجین بۆ بەشەكانی لەش، سەرسووڕان، بەتایبەتی لە كاتی جووڵانەوە و هەستانە سەر پێ، زەردهەڵگەڕانی پێست، ناڕێكی لێدانی دڵ و هەستكردن بە دڵەكوتە، ئازاری سینگ و ساردبوونی دەست و قاچەكان و سەرئێشە.
ئەگەر مرۆڤ هەستی بەو نیشانانە كرد و بەردەوام بوون، پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا بكات بۆ زانینی هۆكاری راستەقینەی كێشەكەی، حاڵەتی جیاوازی كەمخوێنی هەیە و رەنگە نیشانەیەكی ئاگەداركردنەوە بێت بۆ حاڵەتی تری مەترسیدار.













Leave a Reply