یەكێك لە لایەنە نەرێنییەكانی دواكەوتنی دیاریكردنی سەرۆكایەتییەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، قووڵبوونەوەی دابەشبوون و زیادبوونی ناكۆكییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان تا ئاستی لێكترازانی ئەو قەوارە و هاوپەیمانیەتییانەی هەن، ئێستە هەردوو مالیكی سوننە و شیعە لەبەردەم لێكترازانن و هێزەكانیان شەڕی پێشلێگرتنی ئەوە دەكەن.
حوسێن تائی توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە كاندیدكردنی نووری مالیكی بووە هۆی سەرهەڵدانی تەنگژەیەكی گەورەی سیاسی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و كردنەوەی دەرگەی ناكۆكیی گەورە كە ناتوانرێت بە شێوازە كۆنەكان چارەسەر بكرێت، رەنگە ئەوە ببێتە مایەی گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی سەرەتا و گەڕان بە دوای كاندیدێكی نوێی هاوبەش، كە لەو قۆناغەدا نزیكترین بژارەیە.
روونی كردەوە، رەنگە محەمەد شیاع سوودانی لە ئیدارەدانی مانۆرێكی هیمنی سیاسی سەركەوتوو بووبێت، كاتێك خۆی لە رووكەشی ململانێكان دوور خستەوە، بەڵام هەلێكی پێ بەخشی بۆ بوون بە بژارەیەكی باش لە چاو بژارەیەك كە بووەتە بارگرانییەكی سیاسی، بەڵام لە سایەی دەستگرتنی دەوڵەتی یاسا بە سەرەداوی یارییەكان و بوونی ئامرازی جۆراوجۆری گوشار دوورخستنەوەی مالیكی ئاسان نابێت، لەوانە كشانەوەی مالیكی بەرانبەر بە دیاریكردنی شوێنگرەوەكەی لە لایەن خۆیەوە.
بەر لە دیاریكردنی مالیكی وەك كاندیدی شیعە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چەند هێزێكی كاریگەریی شیعە بە كاندیدكردنی رازی نەبوون، بەتایبەتی عەسائیب و رەوتی حیكمە، دوای تویتەكەی سەرۆكی ئەمەریكاش، ئەو ناڕەزایەتییە هەر ماوە و بەهێزتر بووە، بۆیە رەنگە بۆ داهاتوو دۆخەكە لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ داڕشتنەوەی هاوپەیمانیەتییەكان بگۆڕێت، لەوانەش لێكترازان.
















Leave a Reply