بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا كۆ ببێتەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ بكات، لەوانە پرۆسەی داماڵینی چەك و تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی، جیا لە باسكردنی چەند پرسێكی تر.
فیراس موسەلەماوی گوتەبێژ بە ناوی فراكسیۆنی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی گوتی، كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرنج دەخاتە سەر كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەت، بەتایبەتی كە رێككەوتنی پێشوەختەی هێزەكانی چوارچێوەی لەبارەوە هەیە، ئێستە چوارچێوەكە لە یەكلاكردنەوەی كاندیدانی وەزارەتەكان نزیك بووەتەوە، هەروەها دەبێت هێزەكانی تریش لیستی ناوی كاندیدانیان پێشكەش بە زەیدی بكەن.
روونی كردەوە، پێویستە لیستەكانی تر ناوی كاندیدی قبووڵكراو بۆ پۆستە ویزارییەكان پێشكەش بكەن، هەر لە كۆبوونەوەی ئەمشەو راپۆرتی لیژنەی سێكەسیی تایبەت بە بەڕێوەبردنی پرۆسەی رێكخستنەوەی چەك و ئەنجامی هەوڵ و كارەكانی و دانوستانی لەگەڵ میلیشیاكان بخرێتە روو، دوایین هەڵوێستی ئەوان لەوبارەوە تاوتوێ بكرێت، جیا لەوانە بابەتی كێشە داراییەكانی ئێستەی عێراق لەو كۆبوونەوەیە باس دەكرێت لەپاڵ ئاڵنگارییە تەناهییەكانی ناوچەكە.
















Leave a Reply