پاپای ڤاتیكان بۆ نەشتەرگەرییەكی گرنگ دەبرێتە نەخۆشخانە

بینەر: (1.4K)

ئەمڕۆ دووشەم 12ی تشرینی یەكەمی 2026، گوتەبێژی ڤاتیكان ڕای گەیاند كە سبەی سێشەم، پاپا لیۆی چواردەیەم بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی گرێیەك لە سییەكانی، دەبرێتە نەخۆشخانە و بەو هۆیەوە سەرجەم كۆبوونەوە و چالاكییەكانی تا 20ی ئەم مانگە هەڵوەشێنراونەتەوە.

لە پەیامێكدا بۆ ئاژانسی فڕەنسا پرێس، ماتیو برونی گوتەبێژی ڤاتیكان ڕای گەیاند كە پاپای تەمەن 71 ساڵ، نزیكەی نیوەڕۆی سبەی سێشەم دەچێتە نەخۆشخانە.

لەبارەی دۆخەكەیەوە، ئاماژەی بەوەیش كرد، قۆناغی چاكبوونەوەی پاپا لە دوای نەشتەرگەرییەكە ڕەنگە یەك هەفتە بخایەنێت.

گوتەبێژی ڤاتیكان زیاتر گوتی، سەرجەم كۆبوونەوە گشتییەكانی پاپا تا 20ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەیش لە نەخۆشخانەی جیمیلی لە ڕۆما دەبێت كە باڵێكی تایبەتی بۆ پاپاكان هەیە.

دوێنێ یەكشەم، پاپا لیۆی چواردەیەم لە گۆڕەپانی قەدیس پەترۆس بۆ جەماوەرەكەی ڕای گەیاندبوو كە پزیشكان گرێیەكیان لە سییەكانیدا بەدی كردووە و هێشتا لە قۆناغێكی زۆر سەرەتاییدایە، بۆیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نەشتەرگەریی بۆ دەكرێت.

پاپا لە وتارەكەیدا زیاتر گوتی، پزیشكان پێیان وایە نەشتەرگەری گونجاوترین بژاردەیە، لەسەر ئامۆژگاریی ئەوانیش بڕیارم دا بۆ دەرهێنانی گرێیەكە نەشتەرگەرییەكە ئەنجام بدەم.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *