وەزارەتی پێشمەرگە: ئەمەریكا بە فەرمی بڕینی هاوكارییە داراییەكانی پێ ڕانەگەیاندوین

بینەر: (693)

وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە تا ئێستە لەبارەی ڕاگرتن یان درێژكردنەوەی هاوكارییە دارایی و سەربازییەكان، هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی فەرمییان لەلایەن ئەمەریكاوە پێ نەگەیشتووە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بە “وشە”ی راگەیاند، بەپێی ڕێككەوتنی ئێستە، هێشتا دوو بڕی تری هاوكارییە داراییەكانی هاوپەیمانان بۆ مانگەكانی هەشت و نۆ ماون و دەدرێن.

ئەم دەنگۆیە دوای راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی دێت كە تێیدا ئاماژەی بەوە كردبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پلانی هەیە لە بودجەی ساڵی 2027دا سەرجەم هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دەبڕێت.

سەرچاوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەرپرسانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا كۆبوونەوەی تایبەت لەسەر ئەم پرسە ئەنجام بدەن.

بەپێی راپۆرتێكی بی بی سی، پێنتاگۆن لە كۆبوونەوەكانی ئەمدواییەدا بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، نیازی نوێكردنەوەی ئەو ڕێككەوتنەیەیان نییە. بەمەش كۆتایی بەو كەمپینە سەربازییە نێودەوڵەتییە دێت كە پێشمەرگە شانبەشانی هێزەكانی هاوپەیمانان دژی ڕێكخراوی داعش شەڕی تێدا دەكرد. هاوكات بڕیارە مانگی داهاتوو، تاكە بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە هەولێر دابخرێت.

هێزەكانی پێشمەرگە كە ژمارەیان نزیكەی 180 هەزارە، لە چوارچێوەی بەرنامەی پێنتاگۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لە ساڵی دارایی 2026دا بڕی 61 ملیۆن دۆلاریان بۆ كڕینی چەك، مەشق و ڕاهێنان و مووچە پێ دراوە. بەڵام پێنتاگۆن پێشنیاری كردووە لە بودجەی ساڵی 2027دا ئەو هاوكارییانە ببڕێن بە بیانووی تێكشكاندنی داعش. ئەمەش لە كاتێكدایە كە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، ئەمەریكا گەورەترین كونسوڵگەی خۆی لە دنیادا بە تێچووی 800 ملیۆن دۆلار لە هەولێر كردەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *