ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی، ڕاپۆرتێكی لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێكان بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، چالاككردنی گرووپە بریكارەكانی ئێران لە یەمەن و عێراق، ترەمپ و ستراتیجی ململانێی لەگەڵ ئێران ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی قورس دەكاتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئێران و بریكارەكانی نزیكن لەوەی دووەم گەورەترین گەرووی دەریایی بۆ جووڵەی نەوت و كاڵای بازرگانی لە دنیا دابخەن و گەورەترین كاریگەری لەسەر ئابووری دنیا دروست بكەن.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، زیاتر لە شەش مانگ بەسەر دەستپێكردنی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێپەڕیوە و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاودایە و ئارامی بۆ ناوچەكە نەگەڕاوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بەڵێنی بەردەوامی دا كە لە ئەنجامی جەنگەكە و كوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران، تەنگژەكە تەنیا هەفتەیەك دەخایەنێت و دوای ئەوە ئاشتی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا دێتە دی.
گەرووی هورمز كە دەروازەی كەنداوی عەرەبییە و لەلایەن ئێرانەوە كۆنترۆڵ كراوە، گەرووی بابولمەندەب كە دەروازەی هاتنە ناو دەریای سوورە، بە ڕێژەیەكی باڵا لەلایەن حووسییەكانی یەمەن كۆنترۆڵ كراوە، لە هەینی ڕابردووەوە جووڵەی كەشتیوانی نەوت و كاڵا بازرگانییەكان گرفتی گەورەی بۆ دروست بووە.
ئەم پێشهاتانە كاردانەوە و ڕەنگدانەوەی گەورەیان بەسەر ئابووری دنیا دەبێ و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو نزیكە لە 110 دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە 27ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو تەنیا 70 دۆلار بوو، بەر لەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرش بكەنە سەر ئێران، هەروەها نرخی گاڵۆنێك بەنزین لە ئەمەریكا لە 2.98 دۆلارەوە بۆ 4.30 دۆلار بەرز بووەتەوە، لە دوای دەستپێكردنی جەنگەكە.
سەرەڕای پاشەكشەی جبەخانە و مووشەكی بەرپەرچدانەوەی سوپای ئەمەریكا و مەترسیی دروستبوون لەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بەهۆی بۆردمانەكانی ئێرانەوە، حكوومەتی ترەمپ جەنگەكە لە ئۆپراسیۆنی سەربازییەوە بۆ گەمارۆی دارایی گۆڕی و هەڵمەتی خنكاندنی ئابووری ئێرانی ڕاگەیاند.
سەرەڕای دەركەوتنی كاریگەریی گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا لەسەر ئابووری ئێران، لە ڕێی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و داتەپینی نرخی دراوی ئێران و كەمی سووتەمەنی، بەڵام تا ئێستەیش ڕژێمی ئێران بە سەركردایەتیی موجتەبا خامنەیی كوڕی ڕابەری پێشوو بە یەكگرتوویی ماوەتەوە و دۆخەكەی كۆنترۆڵ كردووە، سەركەوتنەكانی ئەمدواییەی گرووپەكانی سەربە ئێران، پێگە و هەژموونی تاران دووبارە بەهێز دەكاتەوە.
ئادەم بارۆن توێژەر لە ناوەندی نیو ئەمەریكا و پسپۆر لە كاروباری حووسییەكان دەڵێ، ئێستە ئەو چركەساتەیە كە ئێران چەندان ساڵە ئامادەكاری بۆ دەكات، پەنجەی لەسەر دوگمەی گوشار دروستكردنە لە ڕێی ئەو تۆڕە فراوانەی بریكارەكان لە ناوچەكە دروستی كردووە و ئێستە چالاكی كردوون و سەرجەمیانی خستووەتە خزمەتی ئامانجەكانیەوە.
لە بەرانبەردا ترەمپ لە گرنگی دروستبوونی كێشە بۆ كەشتیوانی لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب كەم دەكاتەوە و دەڵێ، لەگەڵ محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنیشینی سعوودیە قسەی كردووە و دڵنیایی داوە كە هەموو شتێك باش دەبێت، هەروەها لەو باوەڕەیە كە ئێران لە پشتی هێرشكردنە سەر بۆڕیی نەوتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سعوودیەوەیە و دۆخی تاران لەوپەڕی خراپیدایە.
هەروەها ترەمپ بەهەمانشێوە پێشكەوتنی حووسییەكانی بۆ سەر كەناراوەكانی دەریای سوور بە كەم سەیر كرد و گوتی، ئەو گرووپە نایانەوێ لەگەڵ ئەمەریكا بكەونە جەنگەوە و ڕێ بە تێپەڕینی كەشتییەكان دەدەن، ناكۆكییەكان لە ناوخۆی یەك وڵاتە و واشنتن كار لەسەر چارەسەركردنی گرفتەكەیان دەكات.
واشنتن پۆست نووسیویەتی، سعوودیە كە یەكێكە لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی واشنتن لە كەنداو، ناچارە هەڵمەتەكانی دژی حووسییەكان چڕ بكاتەوە بۆ گەرەنتیكردنی ڕۆیشتنی هەناردەی نەوتی وڵاتەكە، سەرەڕای ئەوەی ڕیاز هەڵوێستێكی وریاییانەی گرتووەتەبەر. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە رۆژانی رابردوو دووپاتی كردەوە، مافی وەڵامدانەوەی میلیشیاكانی سەربە ئێرانی لە عێراق هەیە، بەڵام دەرفەت دەداتە بەغدا تا لێكۆڵینەوە بكات و ڕووبەڕووی ئەو گرفتە ببێتەوە.
جەنگ لە یەمەن بە تەواوی فراوان بووە و لەوكاتەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان كردووەتە سەر ئێران، گرژیی لەمجۆرە لە یەمەن ڕووی نەداوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئاگربەست و ئارامی لە نێوان هەردوولای جەنگەكە لە شوبات/فێبرایەری ڕابردووەوە ڕاگەیەنرابوو.
بەرپرسێكی حكوومەتی یەمەن كە لەلایەن سعوودیەوە پشتیوانی دەكرێ گوتی، ترەمپ دەیەوێ دەستوەردانی سەربازی دژی حووسییەكان بكات، وەك ئەوەی لە 2025 ئەنجامی دا، بەڵام لێدوانەكانی ئەمدواییەی ترەمپ پێچەوانەی ئەوە دەڵێن.
ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئیسرائیل بۆردمانەكانی بۆ سەر باشووری لبنان چڕ كردووەتەوە، هەڕەشە لەسەر ئەو ئاگربەستە لەرزۆكە دروست بووە كە بە ناوەندگیری ئەمەریكا لە نێوان لبنان و ئیسرائیل هاتووەتە دی، بۆیە قورسە دەرچەیەك بۆ ڕزگاربوون لە تەنگژەكانی ناوچەكە ببینرێتەوە.
لێكەوتەكانی جەنگ بووەتە بارگرانییەكی گەورەی سیاسی لەسەر شانی كۆمارییەكان بەر لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس، لەمدواییەیش ترەمپ بەردەوامە لە بەرگریكردن لە بڕیارەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران.
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بنكەی سەربازی ئەمەریكایان تێدایە، باجێكی قورسیان بەهۆی جەنگەكە داوە، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام خۆیان لە تێوەگلان لە جەنگ بە دوور دەگرن، ئێران ماوە ماوە مووشەك و درۆنیان ئاراستە دەكرد، بە بیانووی ئەوەی كە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەكاتە ئامانج، بەڵام لەگەڵ ئەوە دامەزراوە گرنگ و ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتانە دەكاتە ئامانج.
















Leave a Reply