هۆشداریی لە شەكەتی گەرما دەدرێت

بینەر: (63)

گۆڤارێكی زانستی هۆشداریی لە شەكەتی گەرما دەدات و دەڵێ‌، “لەسەر ئاستی جیهان 70%ی مرۆڤ رووبەڕووی ئەو نەخۆشییە دەبنەوە كە بە هۆی گەرماوەیە”.

گۆڤاری نیچەر كلایمت چێنج Nature Climate Change كە گۆڤارێكی زانستی تایبەتە بە گۆڕانی كەشوهەوا باسی لەوە كردووە، دانیشتووانی زەوی زیاتر لە جاران رووبەڕووی “شەكەتی گەرما” دەبنەوە، ئەمەیش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەیە كە لە كەشوهەوا رووی داوە.

گۆڤارەكە باسی لەوە كردووە بۆ ئامادەكردنی توێژینەوەكەی زانیاری 70 ساڵی وەرگرتووە، دەركەوتووە لە ساڵانی حەفتەكانی سەدەی رابردوو 55%ی خەڵك تووشی شەكەتی گەرما دەبوون، كەچی ئێستا 70% بەلایەنی كەمەوە 90 رۆژ تووشی هەڕەشەی شەكەتی گەرما دەبن، كە ژمارەیان دەگاتە چەندان ملیار كەس.

لە توێژینەوەكە هاتووە، پلەی گەرما لە شەودا زۆر بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، كە جاران وا نەبوو، بۆیە ئێستە لەشی مرۆڤ بە تەواوی ناتوانێ‌ لە شەودا فێنك ببێتەوە. جیاوازییەكی تر ئەوەیە جاران هەندێك ناوچە بە تایبەتی لە ئەوروپا رووبەڕووی ئەو دیاردەیە نەدەبووە، كەچی ئێستە زۆربەی ناوچەكان دەگرێتەوە.

ریبیكا ئیمرتون كە سەرپەرشتیاری توێژینەوەكەیە باسی لەوە كردووە، لە گۆڕانی ئێستەی كەشوهەوا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زیاتر لە دیاردەكانی تر هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و لە سەر ئاستی جیهان كاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ داناوە. بۆیە داوا لە حكوومەتەكان دەكات رێكاریی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی هاووڵاتیانیان بپارێزن.

شەكەتی گەرما و رۆژبردن

شەكەتی گەرما و رۆژبردن و گرژبوونی گەرمی سێ‌ نەخۆشیین بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما روودەدەن. شەكەتی نەخۆشییەكی مامناوەندە بەڵام توندترینیان رۆژبردنە. شەكەتی گەرما ئەوەیە كە جەستە بەگوێرەی پێویست ناتوانێ‌ خۆی فێنك بكاتەوە، بۆیە نەخۆش دەكەوێت و نیشانەكانیشی بریتین لە: گێژبوون، بێ تاقەتی، ژانەسەر، هیڵنج، ئارەقكردنەوەی زۆر، خێرابوونی لێدانی دڵ.

بەگوێرەی توێژینەوەكان ئەو نەخۆشییە بە شێوەیەكی تایبەت مەترسی لەسەر هەندێك كەس دروست دەكات لەوانە: منداڵان، بەساڵاچووان، كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی درێژخایەنی وەك نەخۆشی دڵ و شەكەرە و تەنگەنەفەسی.

چارەسەریی:

لە كاتی تووشبوونی هەر كەسێك بە سێ‌ نەخۆشییەكەی گەرما “شەكەتی گەرما، رۆژبردن، گرژبوونی گەرمی” ئەوا پێویست دەستبەجێ پێوەندی بە پزیشك و نەخۆشخانە بكات. جیا لەمەیش خۆپاراستنی سەرەكی ئەوەیە خۆت لە گەرمای توند بەدوور بگریت بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەكەم: كاری قورس لە كاتی نیوەڕۆ نەكرێت

دووەم: جلی تەنك و بەرین لەبەر بكرێت

سێیەم: خواردنەوەی بڕێكی زۆر شلەمەنییەكان و ئاو

چوارەم: راهاتن لەگەڵ گەرمی

پێنجەم: نەمانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو شوێنی تەنگ و ئۆتۆمبیل

شەشەم: بەكارنەهێنانی هەر دەرمانێك و خواردنێك كە پلەی تەڕی لەش كەم دەكاتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *