لە سایەی بڵاوبوونەوەی بازرگانیی نایاسایی و باندەكانی تاوانكاری و میلیشیاكان كە تەنیا گرنگی بە كۆكردنەوەی پارە و قازانج دەدەن، عێراق بە دەست دەیان تەنگژەوە دەناڵێنێت، هەریەكەیان لەوەی تر گەورەتر و قووڵتر، راپۆرتێك تیشك دەخاتە سەر نەهامەتیی خێزانە عێراقییەكان بە دەست مادە هۆشبەرەكانەوە.
ئالا عەبدولرەحمان كە ژنەفەرمانبەرێكە و دایكی دوو كوڕ و سێ كچە دەڵێت، بە بەردەوام چاودێریی دوو كوڕە هەرزەكارەكەی دەكات، ترسی لە ئاڵوودەبوونیان و ئاشكرابوونی دوای لەدەست دەرچوونیان هەیە، رۆژانە جلوبەرگ و جانتا و كانتۆر و مۆبایلەكانیشیان دەپشكنێت، بەرنامەی دیاریكردنی شوێنی بۆ داناون، چاودێریی هاوڕێ و شوێنی چوونەدەرەوەیان دەكات، هەموو ئەوانە بۆ پاراستنیان لە مادەی هۆشبەر.
سەعید حەسەنی هاووڵاتییەكی ترە و بۆی دەركەوت كە كوڕەكەی كە پۆلی 12ی بنەڕەتییە، جگەرەی مادەی هۆشبەر دەكێشێت، ئەوەش كاری كردووەتە سەر ئاستی خوێندنی، توانیویەتی كوڕەكەی لە كێشانی ئەو جۆرە جگەرە دوور بخاتەوە، بەڵام هەست دەكات مەترسییەكە كۆتایی نەهاتووە و دوو كچی تری هەیە و دەترسێت مادەی هۆشبەر بەوانیش بگات.
جەواد خزەیر هاووڵاتییە و دەڵێت، كوڕەكانی لە هاوڕێكانی گەڕەك دوور خستووەتەوە، چونكە ئەوان مادەی هۆشبەر بەكار دێنن، دواتر بۆی دەركەوت كە كوڕێكی ئاڵوودەیە و چارەسەری بۆ كردووە، بەڵام ترسی هەر ماوە و بە بەردەوام هەستی پێ دەكات، قەیسەر عیساوی هاووڵاتییە و ناچار بووە لە ترسی مادەی هۆشبەر و ئاڵوودەبوونی كوڕەكانی خانووەكەی لە بەغدا بفرۆشێت و روو لە كەركووك بكات، دەڵێت، قورسایی لەدەستدانی كار و خانوو لە لەدەستدانی كوڕێكی بەهۆی ئاڵوودەبوونەوە كەمترە.
















Leave a Reply