نیشانەكانی شەوانەی بەرزی پەستانی خوێن

بینەر: (1.0K)

بەرزی پەستانی خوێن یەكێكە لە حاڵەتە تەندروستییە درێژخایەنەكان و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری و خۆپاراستن هەیە، دەبێت كۆنترۆڵ بكرێت، چونكە مرۆڤ بەرەو دۆخی مەترسیدار دەبات، چەند نیشانەیەكی بەرزی پەستانی خوێن هەن، لەوانە چەند نیشانەیەك شەوانە بەسەر كەسی تووشبوو بەدیار دەكەوێت.

لەو نیشانانەی شەوانەی بەرزی پەستانی خوێن دەردەكەون، ئاوسانی قاچ و پێیەكان بەهۆی كۆبوونەوەی شلە تیایاندا بەتایبەتی شەوان بەدیار دەكەوێت، مێروولەكردنی قاچەكان و رێگرتن لە نوستن، بەهۆی گوشاری بەردەوام و تێكچوونی دەمارەكان، ساردبوونی شەوانەی پێیەكان بەهۆی گرژبوونی لوولەكانی خوێن و كەم گەیشتنی خوێن بۆیان، گرژبوونی بە ئازاری ماسولكەكانی قاچ بەهۆی لاوازیی سووڕی خوێن لە پەلەكانی خوارەوە، گۆڕانی رەنگی پێیەكان بەهۆی لاوازیی سووڕی خوێن و شینهەڵگەڕانی پێستی پێیەكان.

لە هۆكارەكانی بەرزی پەستانی خوێن، وەرنەگرتنی دەرمانی پێویست و چەند هۆكارێكی ترە وەك كێشەكانی گورچیلە و كوێرە رژێنەكان و رارایی و زۆر خواردنی سوێری و بەركەوتنی سەر و گرێی سەر، مەترسییەكانیشی بریتین لە دابەزینی كتوپڕ و خێرای فەرمانەكانی دڵ و كەڵەكەبوونی شلە لە سییەكان و بێهێزیی گورچیلە و خوێنبەربوونی مێشك و كەمگەیشتنی خوێن بۆ دڵ و مێشك و چاوەكان و كێشە لە فەرمانەكانی مێشك، باشترین رێگە بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرزی پەستانی خوێن، جیا لە وەرگرتنی دەرمان بە رێكوپێكی، وەرزشكردن و كەمكردنەوەی خواردنی خوێ و لەدەستدانی كێش و خواردنی خۆراكی تەندروستە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *