نرخی دۆلار لە قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەكرێ بە 132 هەزار دینار.. وەبەرهێنان بڕیار دەدات

بینەر: (1.1K)

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون كە بە دۆلار و نرخی بازاڕ وەردەگیرێن بكات بە نرخی دۆلاری فەرمی كە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە.

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە یەكەی نیشتەجێبوون بە تایبەت شوقە هەن كە بە قیستی مانگانە فرۆشراونەتە هاووڵاتییان، بەڵام ئەم پڕۆژانە نرخی دۆلار بە نرخی بازاڕ واتا 100 دۆلار بە 155 هەزار دینار وەردەگرن، لەكاتێكدا لەكاتەی ئەو یەكانە دروست كراون نرخی دۆلار زۆر كەمتر بووە لەو ئاستەدا.

ئێستە هەوڵێكی رژد هەیە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بڕیار لەوبارەیەوە بدات و بەرژەوەندی هاووڵاتییان بخاتە پێشەوە و كۆمپانیاكانی نیشتەجێبوون ناچار بكات نرخی دۆلار بە نرخی فەرمی واتا 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار وەربگرن.

ئەمڕۆ دووشەم حەوتی ئەیلوول، بەرگەشت ئاكرەیی بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بۆ “وشە” گوتی، بابەتێكی لەوشێوەیە لەبەردەستی دەستەی وەبەرهێنان هەیە ماوەتەوە ئەوەی بڕیاری لێ‌ بدات.

ڕوونیشی كردەوە كە پێشتریش هەوڵی لەوشێوەیە هەبووە و روونكردنەوەی پێویستی لەبارەیەوە دراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت كە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بڕیارێكی لەوشێوەیە بدات و نرخی دۆلار بە نرخی فەرمی لە قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون وەربگیرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *