مانای ئازادی و كچەمۆدێل

بینەر: (17)

پێشەکییەکی دیرۆکی:

ئەو شتەی لە مێژوو و مەعریفەی مرۆڤەوە فێر بووین، پێمان دەڵێت، سنوورەکانی ئازادی ناکۆتان. ئازادی ویستراوترین و قووڵترین خواستی مرۆڤە. وتە بەناوبانگەکەی سارتەر کە دەڵێت تاكە سنووری ئازادیی ئەوەیە، ئازادیی ئەوانیتر پێشێل نەکرێ و نەبەزێنرێت. ئەم ڕستە پێویستی بە قووڵبوونەوەی فەلسەفی نییە، هێندەی پێویستی بە تێگەیشتن و هەست و بەسیرەتێکی ئیگزیستانسیال و وجوودگەرایانە هەیە. واتە هەر مرۆڤێک لە چرکەساتە تایبەتە مرۆییەکانی خۆی بگەڕێتەوە ناخی خۆی، درک بەوە دەکات قووڵترین ویست و خواستی ئازادییە. ئەمە ئاسۆ گشتییەکەیە. ئەوەیتر کە ئازادی دەخرێتە چ کۆنتێکست و زەوینەیەکی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسییەوە، دەکرێت هەڵگری تەبسەرە و بڕگەدانان بێت، بەڵام هیچ لە کرۆکی ویستی قووڵ و خواستی ئەزەلیی مرۆڤ بۆ ئازادیی کەم ناکاتەوە.

هەر مرۆڤێک دەتوانێت وێنای ئەوە بکات کە بەهۆی بیرکردنەوەی جیاواز (لەگەڵ کۆمەڵگە، دەسەڵاتی سیاسی یان گرووپ و حزبێک)، خراوەتە زیندان یان قەفەسێکەوە، لە ئانوساتی وێناکردنی ئەم شتەدا بۆمان دەردەکەوێت ئازادیی چەند بە نرخ و بایەخە، تەنانەت ئەگەر %100 دژی دیسیپلین و بەهاکانی ئەو کۆمەڵگە و دەسەڵات و… بین. تەنانەت ئەگەر وەک شەیتانێکیش خۆمان وێنا بکەین، دیسان تێدەگەین تاقە ویستمان نەخرانە قەفەس و هەڵمژینی هەوای ئازادی ژێر ئاسمانێکی ساماڵ و سەرزەویەکی پتەوە.

لە میتۆلۆجیای کۆندا هەم لە ڕۆژهەڵات و هەم لە یۆنان (ڕۆژئاوا)، شێوازی ناشتن یان با بڵێین بەڕێکردنی تەرمی مردوو، پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ پێناسەیان بۆ ئازادی هەبوو. لە ڕۆژهەڵات پێیان وابوو مرۆڤ نابێت لە خاکدا زیندانی بکرێت، بۆیە زەردەشتییەکان تەرمی مردوویان لە گۆڕدەخمەکان دادەنا تا داڵ و هەڵۆ بیانخۆن و بەو شێوە سیمبولییە تێکەڵ بە سروشت ببنەوە و ببووژێنەوە و ئازادیی خۆیان وەرگرنەوە.

لە بەشێک لە میتۆلۆجیای یۆنانی-مەسیحیدا لووسیفێر لەناو قەفەزێکدایە تا کاتی خۆی لە ئازادی بێبەش دەبێت، بۆیە تا ئەوکاتە زیندانیکراو دەمێنێتەوە، چونکە خواستی ئازادیی لای ئەو، واتە لەناوبردنی جیهان و بەشەڕهاتن لەگەڵ ئەو شتەی ئافرێنەر خولقاندوویەتی.

نموونەهێنانەوەی لووسیفێر یان دەجال، (لە گێڕانەوە ئیسلامییەکاندا دەڵێن لە دوورگەیەکدا چوارمێخە هەڵواسراوە، لە ڕووی ماناییەوە هەر زیندانە)، بەو مەبەستە بوو کە ئەگەر خواستی ئازادیی کەسێک یان بوونەوەرێک لەگەڵ خواستیی ئازادیی گشت یەک نەگرێتەوە، ئەوا سنووری بۆ دادەنرێت، لە ڕێگەی خودای میتۆلۆجی و ئەفسانەوە بێت یان لە سۆنگەی ئەڵای ناو ئیلاهیاتی ئیسلام یان ڕوحولقودسی مەسیحی و یەهوەی یەهوودی.

ئازادیی لە کوردستان و سنوورەکانی:

کوردستان و ئەو خەڵکەی لەسەر جیۆگرافیاکەی نیشتەجێن، چەند سەدەیە بە تایبەتی لە سەدەی 20 بەملاوە، تەنیا یەک خەون و حەزیان هەیە، ئەویش ئازادییە. ڕاستە ئازادی لەم زەوینە مێژووییە خوێناوییەدا دەتوانێت مانای جیاواز بدات بە دەستەوە، بۆ نموونە ڕزگاریی لەژێر پۆستاڵی داگیرکەر، ئازادی لە زیندان، ئازادبوون لە بەهاکانی کۆمەڵگەی نەریتی، بەڵام دواجار هەر ئازادیی بووە خەونەکەی و دال و ناوەندی سەرەکیی گوتارەکەی بووە. بە پێچەوانەی ئەوەی کاک بەختیار عەلی لە وتووێژێکدا دەڵێت، کورد کە ئازادیی دەسکەوت نازانێ چی لێ بکات. پێم وایە ئەو ئازادییە هێشتا دەست نەکەوتووە، چونکە نەیارانی ئازادی، ئازادی وەک شەیتان و دژبەری خۆیان دەبینن، بۆیە تا ئەو وێنا قەڵبە لەسەر ڕووخساری ئازادی نەسڕینەوە، ناتوانین بڵێین ئازادییمان دەستخستووە و نەمانزانیوە چی لێ بکەین.

لەم ڕۆژانەدا باسی کچەمۆدێل و هێرشکردنە سەریان گەرمە و ئەوەی لە کۆی مشتومڕ و ململانێ مەجازییەکاندا بینرا، ئەوەبوو گوایە کچەمۆدێل هەڕەشەن بۆ شیرازەی کۆمەڵگە. بەدەر لەو ڕستە و گوزارە چەندپاتە و سواوە، دەشێت بپرسین ئایا لە جیهانی دیجیتاڵ و ئازادیی میدیا و زانیاریدا، ئەم هەموو ماڵپەڕە پۆرنە ناتوانن شیرازەی کۆمەڵگە هەڵوەشێننەوە؟ ئەی بۆچی یەخەی کچەمۆدێل بگرین؟ ئینجا پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە، کۆمەڵگەیەک بە لەنجە و سمت و عیشوەی کچان هەڵوەشێتەوە، ئەوە چۆن کۆمەڵگەیەکە؟

وەک قسەی کۆتایی دەڵێم، هەرکەس ئازادە حەزی لە شتێک نەبێت یا تەنانەت ڕقی لێی بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە مافی هەناسەدان و ئازادی لێ وەربگرێنەوە، منیش لەگەڵ زۆر هەڵسوکەوتی نەک کچەمۆدێل، بەڵکوو زۆر دیاردەی دیکە لە کۆمەڵگەدا نیم، بەڵام ئایا ئەمە دەبێت بە پاساو بۆ ئەوەی شەپۆلێکی دژایەتی و ڕەتکردنەوە بخەمە ڕێ؟

بێگومان وەڵامەکە لای من و زۆرینەیش ڕۆشنە. ئەوەی بەرگەی کچەمۆدێل و ئەو شێوازە ژیانەیان نەگرێت /با لەگەڵ باوەڕی ئەویشدا یەك نەگرێتەوە/ بێگومان بەرگەی ڕایەکی جیاواز، کتێبێکی دژەباو و هیچ ئەکتێکی دیکە کە گریمانەی ئازادیی جەوهەریی لە خۆیدا هەڵگرتووە، ناگونجێ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *