لەسەر رێنوێنیی ئەمەریكا داتابەیس بۆ بەرپرسان و كەسوكاریان دروست دەكرێت

بینەر: (581)

بەپێی راپۆرتەكان لە ماوەی ساڵانی دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، گەندەڵییەكی زۆر كراوە و چەندان ملیار دۆلار لە لاپەن بەرپرسان بەهەدەر دراوە و سپیكردنەوەی بۆ كراوە و بردراوەتە دەرەوەی وڵات، ئەمڕۆ بانكە عێراقییەكان رێنوێنیان لە حكوومەتەوە بەدەست گەیشتووە بۆ دروستكردنی داتابەیس لەبارەی حیساباتی بەرپرسانی عێراقی و پاسەوان و كەسوكاریان.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو داتابەیسەی حكوومەت داوای ئامادەكردنی لە بانكەكان بۆ بەرپرسانی عێراق و كەسوكاریان تا سێیەم پلەی نزیكی لەوان كردووە و دەبێت پێشكەشی بكەن، بۆ ئاشكراكردنی هەر سوود و قازانجێكی ناشەرعی و بوونی ئاماژەی تێوەگلان لە گەندەڵی پشتی پێ دەبەسترێت، كە هەروەها تۆماركردنی زانیاری لەسەر پاسەوانی تایبەت و سەربازانی نزیك لە كەسایەتییە سیاسییەكان و بەرپرسانیش دەگرێتەوە.

ئەو رێنوێنییانەی بۆ بانكەكان رەوانە كراوە لەسەر بنەمای چەندان راسپاردەیە كە بەشی جموجۆڵی ئابووری سەر بە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا پێشتر بۆ حكوومەتی عێراقی رەوانە كردووە بۆ رێگرتن لە پرۆسەی گەندەڵی و بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئێران، بۆیە بانكی ناوەندی عێراق بە بانكەكانی راگەیاندووە بۆ ئامادەكردنی ئەو داتابەیسە لە 29ی ئەم مانگە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *