ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە بە مەبەستی زیادكردنی توانای ئیدارەی دارایی و داهاتی نانەوتی لە عێراق، لە مانگی داهاتووەوە میكانیزمی بڕینی پێشوەختەی هەناردن جێبەجێ دەكرێت.
بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەم زەیدی لە میانی پێشوازیكردنی لە شاندێكی هاوپەیمانی ئیشراقەی كانوون دووپاتی لە گرنگی رۆڵی یاسادانان و چاودێریكردنی پەرلەمان بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتەكەی كردەوە، ئاماژەی بۆ بوونی چەند پڕۆژەیەك كرد كە پێویستە زوو پەسند بكرێن، لە پێشەوەیان یاسای دەستەی چاودێریی ناوخۆیی و یاسای تریش.
ئاماژەی بۆ پلانەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی چەندان دۆسیەی خزمەتگوزاری و ئابووری لە چوارچێوەی بەرنامە حكومەتییەكەی كرد، لەوانە لە بوارەكانی نیشتەجێكردن و كارەبا و دامەزراندنی شاری ئابووری بۆ باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و پاڵپشتیكرنی پەرەپێدانی و دابینكردنی هەلی كاری زیاتر، باسی گرنگیدانی حكوومەتەكەی بە پەرەپێدانی هەردوو سیستمی باج و گومرگ كرد، لە رێگەی نوێكردنەوەی میكانیزمەكانی كاركردن و پیادەكردنی میاكانیزمی بڕینی پێشوەختە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، بەو شێوەی توانای ئیدارەی دارایی بەرز بكاتەوە و داهاتی نانەوتی زیاد بكات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 18ی ئابی رابردوو بڕیاری وەرگرتنی پێشوەختەی رسوومانی گومرگی و گەرەنتی باجی خەمڵێندراوی لەسەر كاڵا هاوردەكراوەكان دا، بەو پێیەی بڕیارەكە لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2026 جێبەجێ بكرێت، بەو شێوەیە پێویستە هەناردەكار پارەی حەواڵەی دەرەكی بۆ هێنانی كاڵاكان لە بانكە مۆڵەتپێدراوەكان دابنێت و ئەو پارەش حەواڵەی دەرەوە ناكرێت تا رسووماتی گومرگی و گەرەنتی خەمڵێندراوی باج لە رێگەی سیستمی ئەسیكۆدا و ئامرازەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی نەدرێت.
















Leave a Reply