لە سەرۆك بارزانییەوە

بینەر: (12)

سەرۆك بارزانی سوپاسنامەیەكی بڵاو كردەوە بۆ هەموو ئەو هاووڵاتی، لایەنە سیاسی، بەرپرسانی حزبی و حكوومی كە لە چەند رۆژی رابردوودا بەشداریان لە پرسەی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی كردووە.

دەقی سوپاسنامەكە:

سوپاسنامەیەك لە سەرۆك بارزانییەوە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، زۆر سوپاسی هاووڵاتییانی خۆشەویست، لایەنە سیاسییەكان، بەرپرسانی حزبی و حكوومیی عێراق و هەرێمی كوردستان، كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان، پیاوانی ئایینی، نوێنەرانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان، سەرۆك‌ هۆزەكان و كەسایەتییە كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەكادیمییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، هێزی هاوپەیمانان، فەرماندە و هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاگەیاندن و، سەرجەم چینوتوێژەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و گشت كوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەم، كە ئەركیان كێشا و ئامادەی پرسەی خوالێخۆشبوو (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی) بوون، و هاوسۆز و هاوخەمی ئێمە بوون.

هاوكات سوپاسی هەموو بەرپرسە حكوومی و لایەنە سیاسییەكان، و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، و كەسایەتی و سەرۆك ‌هۆزەكانی عێراق و سوریا، هەروەها بەرپرس، و كەسایەتی و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو، كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی تری كوردستان و ڕەوەندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەكەم كە لە ڕێگەی بروسكە، پەیامی هاوخەمی و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە زەحمەتیان كێشا و لە پرسە و خەمماندا بەشدار بوون.

سوپاسی تایبەتی خۆم ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شارۆچكەی پیرمام دەكەم كە لە ڕۆژانی پرسەدا، لەگەڵ بوونی زەحمەتی و قەرەباڵغییەكاندا، میوانداریی خەڵكیان كرد. هەروەها دەستخۆشی لە ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس دەكەم كە بەرپرسیارێتیی ڕێكخستنی هاتووچۆ و پاراستنی هاووڵاتییانیان لەسەر شان بوو.

هاوسۆزی و هاوبەشیی بەردەوامی خەڵكی ئازیزی كوردستان لە خەم و كۆستەكانماندا، هەمیشە جێی ڕێز و پێزانینمانە. هیوادارم گشت لایەك لە ئازار و ناخۆشی بەدوور بن، خودای مەزن پاداشتی خێری هەموو لایەك بداتەوە.

مسعود بارزانی

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *