لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار تۆمار كرا

بینەر: (1.0K)

سەعوود ساعدی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، تانەیەكی دژی بڕیاری حكوومەت بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار كردووە.

ساعدی بە شەفەق نیوزی راگەیاند، تانەكەی دژی بڕیاری ژمارە 544ی ئەنجوومەنی وەزیران پێشكەش كردووە، كە بەهۆیەوە نرخی فەرمیی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی گۆڕاوە.

ئەو دەڵێ‌، دادگای فیدراڵی تانەكەی وەرگرتووە و ئاگاداری كردووەتەوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاتی دادبینی دیاری دەكات.

نرخی نوێی دۆلار چەندە؟

بەپێی بڕیاری ژمارە 544 كە لە شەشی تشرینی یەكەمی 2026 دەرچووە و لە حەوتی هەمان مانگ جێبەجێ كراوە، نرخی فەرمیی دۆلار لە 132 هەزار دینارەوە بۆ 152 هەزار دینار بەرز كراوەتەوە، واتە بۆ هەر 100 دۆلار، جیاوازییەكە 20 هەزار دینارە.

ناڕەزایی سیاسی و ئابووری

بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار ناڕەزایی لەناو ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتییان دروست كردووە، لە بەرانبەردا حكوومەت دەڵێت، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی دارایی و دابینكردنی پێداویستییەكانی خەرجیی گشتی، لەوانە مووچەی فەرمانبەران.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەروەها نیگەرانیی لەسەر كاریگەرییەكانی لە نرخەكانی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان دروست كردووە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی بەشێكی بەرچاو لە پێداویستییەكانی بازاڕی عێراق بە هاوردە دابین دەكرێت.

ئێستە چاوەڕوانییەكان ئاراستەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە دەبێت تانەكە لە چوارچێوەی دەسەڵات و ڕێكارە یاساییەكانی خۆیدا لێی بكۆڵێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *