خاوەنی كۆمپانیاكانی عەقارات كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی زەوی فەرمانبەران دەكەن، داوا دەكەن فەرمانبەران لەم قۆناغەی ئێستەدا زەوییەكانیان نەفرۆشن، بۆ ئەوەیش قسەیەكی سەرۆكی شارەوانی هەولێر بەبەڵگە دەهێننەوە كە ئاوەدانی بە زووترین كات روو لەو زەوییانە دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی ئەیلوول، محەمەد یونس خاوەنی نووسینگەی زەوی فەرمانبەران كە تەنیا مامەڵە بە زەوییەكانی دارەبەن و خەرابەدرا و سەیدان و جێژنیكا دەكات، بۆ “وشە” گوتی، ئێستە بازاڕی زەوی روو لە دابەزینە، بەڵام بۆ زەوی فەرمانبەران بازاڕ بەجۆرێكی ترە و بەشێكی كەم لە فەرمانبەران زەوییەكانیان دەفرۆشن.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو زەوییانە لە رێی دهۆك وەرگیران بۆ هەر فەرمانبەرێك 200 مەترە، خزمەتگوزاری نییە، بەڵام لە سەنتەری شارەوە بە كاتێكی كەم دەگەیە سنوورەكە و ئەوەیش خاڵێكی ئەرێنییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكانیان.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ئەوەی بەدواداچوونیان كردووە لە ماوەی نزیكدا ئەو سنوورە ئاوەدان دەبێتەوە بەتایبەت كاتێك سەرۆكی شارەوانی هەولێر گوتی لە ماستەر پلانی شارەكەدا ئەوەیە نیشتەجێبوون ببردرێتە رێی دهۆك.
ئەو خاوەن عەقاراتە داوای لە فەرمانبەران كرد كە زەوییەكانیان هەرزانفرۆش نەكەن، ئەگەر ئێستە 10 هەزار دۆلار بكات، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە چەند ساڵی داهاتوو نرخەكەی دەبێتە چوار هێندە.
زەوی فەرمانبەران بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دابەش كرا، هەر فەرمانبەرێك 200 مەتر زەوی وەرگرت، زۆرینەی دەكەوێتە رێی دهۆك و ئەوەیش هۆكارە كە بەزووترین كات خزمەتگوزاری بگاتە ئەو سنوورە.
















Leave a Reply