كۆبوونەوەكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چوارشەمی داهاتوو دواخرا

بینەر: (21)

وەك بڕیار بوو لە دوای دووجار دواخستنی كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو و جارێكیش لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆبووەوە، بەڵام ئەمشەویش نەگەیشتنە رێككەوتن و كۆبوونەوەكە بۆ چوارشەمی داهاتوو هاتە دواخستن.

ئەمشەو بە ئامادەبوونی تەواوی پێكهاتەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی گرنگ هاتە سازكردن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام بەشدارانی كۆبوونەوەكە نەیانتوانی بە رێككەوتن بگەن، بڕیار درا كۆبوونەوەكە و راگەیاندنی ناوی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چوارشەمی داهاتوو دوا بخرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەی كرد، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دواخستنی كۆبوونەوەكەی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ چوارشەمی داهاتوو دا، لە هەنگاوێك بەرجەستەی مانەوەی ناكۆكییەكان و پێویستی بە لێكگەیشتنی زیاتر دەكات.

بەپێی سەرچاوەكە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆبوونەوەكانی سبەی سێشەم تا چوارشەم بەردەوام دەبێت بە مەبەستی رێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران، كە بۆ راسپارندی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بەناوی چوارچێوەكە دەخرێتە روو.

لای خۆیەوە عەباس عامری ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی كرد كە كەشوهەوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەرێنی بووە و چوارشەمی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی تر بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان ساز دەكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *