راهێنانی وەرزشی رووخسارێكی جوان بە پێستی مرۆڤ دەدات، وا دەكات هاتوچۆی خوێن بە گوڕتر بێت و ئۆكسجین و رەگەزە خۆراكییەكان باشتر بگەنە شانەكانی پێست. بەڵام بەهۆی وەرزشەوە چەوری و شانە مردووەكانی پێست، كونیلە وردەكانی پێست دادەخەن، بۆیە پرسیار لەوە دەكرێ كە ئایا بەر لە وەرزش یاخۆ لە دوای وەرزش دەموچاو بێتە شووشتن؟.
پێگەی “عەرەبیە” ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی ئاب، لەسەر زاری پزیشكانی بواری پێست بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی وەرزشەوە پێستی مرۆڤ تووشی داخستنی وردیلە كونەكانی پێست دەبێت، بۆیە پێویستە ئەو پێستە بێتە شووشتن، بۆیە پزیشكان پێیان وایە لە دوای راهێنانی وەرزشی، ئەوجا دەموچاو بێتە شووشتن، هەندێك جاریش پێیوست دەكات بەر لە وەرزشیش پێست بێتە شووشتن.
پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كە مەرج نییە رۆژانە چەند جار دەموچاو دێتە شووشتن، لەوە گرنگتر كات و جۆری شووشتنەكەیە، بۆ نموونە پێستی مرۆڤ پێویستیی بەوە نییە بەر لە وەرزش بێتە شووشتن، لەوە گرنگتر ئەوەیە لە دوای وەرزش، پێست بەگشتی و بەتایبەتی دەموچاو بێتە شووشتن. چونگە لە كاتی وەرزشدا پێست ئارەق دەكات، راستە ئەو ئارەقە خۆی دژی پێست نییە، بەڵام كاتێك بۆ ماوەیەك لەسەر پێست بمێنێتەوە، ئەوكات ئەو چەورییەی لەگەڵ ئارەقەكەدا دەردەدرێن، بەهۆیەوە وردە كونیلەكانی پێست دەگیرێن، بۆیە گرنگە لە دوای وەرزش دەموچاو بێتە شووشتن.
دواتر پزیشكان دووپاتی دەكەنەوە كە وێڕای ئەوەی شووشتنی دەموچاو لە دوای وەرزش گرنگ و پێویستە، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا پێویستە دەموچاو بەر لە وەرزش بێتە شووشتن، بەتایبەتی لەو حاڵەتانەی ماكیاج بۆ دەموچاو بەكار هێنرابێت یاخۆ كرێمی لەسەر بێت، پێویستە بە شووشتن ئەو ماكیاج و كرێمە هەڵبگیرێت ئەوجا وەرزش بكرێت، چونكە ئەو ماكیاج و كرێمە لە كاتی وەرزشدا تێكەڵ بە ئارەق دەبن و پێستی دەموچاو تێكدەدەن، جیا لەوەی لە گیرانی وردە كونیلەكان رۆڵی زیاتریان دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی پێستیان چەورە یان قنچكەیان هەیە.












Leave a Reply