فیل بۆ چارەسەری خۆی و بێچووەكانی رووەكی تەندروست و پزیشكی بەكار دێنێت

بینەر: (10)

بەمدواییە توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ لەبارەی ژیانی فیلەكان بە ئەنجام گەیشتووە و تێیدا هاتووە، فیلەكانی ئەفریقا دەیان جۆری رووەكی تەندروست و پزیشكی بەكار دێنن بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی خۆیان و بێچووەكانیان، بۆ ئەوەیش توێژەران پشتیان بە دیمانە لەگەڵ ئەوانەدا بەستووە كە لە نزیكی شوێنی فیلەكان دەژین لە چیاكانی كینیا.

پێگەی “ئیلاف” پشتی بە گۆڤاری “ساینتیڤیك ریپۆرتس”ی ئەمەریكی بەستووە كە لەوێدا توێژینەوە زانستییە نوێیەكە بڵاو كراوەتەوە، تێیدا توێژەران لە توێژینەوەكەیاندا لە زانكۆی براون لە ئەمەریكا، لەبارەی سروشتی ژیانی فیلەكان لە ناوچە شاخەوانییەكانی وڵاتی كینیا كە لەوێ توێژینەوەكەیان ئەنجام داوە، باس لەوە دەكەن دیمانەیان لەگەڵ كەسانێك كە لە نزیكی فیلەكان یان چاودێرییان دەكەن كردووە، بۆیان دەركەوتووە كە فیلەكانی ئەفریقا، دەیان جۆری رووەكی تەندروست و پزیشكی بەكار دێنن بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی خۆیان و بێچووەكانیان.

توێژەران دەڵێن كە ئەو جۆرە ئاژەڵانە ماوەیەكی زۆرە سەرنجی زانایانیان بەلای خۆیان راكێشاوە بەوەی سروشتێكی ناوازەیان بۆ ژیانیان هەیە، بەوەی فیلەكان لە پاشەڕۆیاندا خوێ هەیە، چونكە دەچنە ناو ئەشكەوتەكان و بە “عاج”ەكانیان بەردەكان هەڵدەكۆڵن و هەندێك كان دەكەنە خۆراكیان كە رێژەیەكی زۆری خوێیان تێدایە، جیالەوەی چەندان جۆری رووەك لە ناو دارستانەكاندا دەخۆن كە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی خۆیان و بێچووەكانیان بەكار دێت.

ئیلۆدی فریمان یەك لە توێژەرە سەرەكییەكانی توێژینەوەكەیە دەڵێت، توێژینەوەكەیان زۆر پرسیاری لەبارەی ژیانی فیلەكان كردووە، بۆیان دەركەوتووە زۆر رووەك هەن كە فیلەكان بەكاری دێنن بۆ چارەسەر، راستییەكەی هەمان ئەو رووەكانەن كە مرۆڤ بۆ دەرمانی زۆر نەخۆشی و چارەسەریان بەكاریان دێنێت. بۆیە روونی دەكاتەوە زۆر رووەك هەن كە زانست بۆ دەرمان و چارەسەری نەخۆشییەكان پێی گەیشتووە، هەمان ئەو رووەكانەن گیاندارانیش بۆ چارەسەری خۆیان بەكاریان دێنن.

توێژەران زیاتر دەڵێن بەپێی ئەو دیمانەیەی لەگەڵ چاودێرانی فیلەكان و ئەوانەی لێیانە نزیكن كردووە، زۆر چیرۆكی ناوازە و سەیروسەمەرە دەگێڕنەوە و دەڵێن، فیلەكان هەموو جۆرە رووەكێك ناخۆن، بایەخ بەو رووەكانە دەدەن كە سوودی بۆ تەندروستییان هەیە، بەتایبەتی فیلە دایكەكان ئەو جۆرە رووەكانە دەدەنە بێچووەكانیان كە بۆ نەخۆشییەكان چارەسەرن. دووپاتی دەكەنەوە كە فیلەكان 35 جۆری رووەك دەخۆن یان بەكاری دێنن، 25 جۆریان ئەو جۆرە رووەكانەن كە مرۆڤ بۆ دەرمان بەكاریان دێنێت.

یەكێك لەوانەی دیمانەكەیان لەگەڵدا ساز كراوە، باس لەوە دەكات بە چاوی خۆی بینیویەتی فیلەكان جۆرێك رووەك بەكار دێنن كە پێی دەگوترێت “ئەنگرۆیت”، ئەو رووەكە بۆ چارەسەری نەخۆشیی بێچووەكان بەكار دێنێت. لە كاتێكدا ئەو رووەكە مرۆڤ وەك دەرمان بۆ نەخۆشیی گەدە بەكاری دێنێت. فیلە دایكەكان گەڵای ئەو رووەكە دەخەنە ناو دەمیان دەیجوون تا بەتەواوی نرمی دەكەنەوە، دواتر دەیخەنە بەردەم بێچووەكانیان تا بیخۆن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *