عومان: بە سەپاندنی رسوومات لە گەرووی هورمز رازی نین

بینەر: (1.2K)

بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی مانەوەی ئاڵۆزییەكان و مینە چێنراوەكانەوە، هێشتا هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز ئاسایی نەبووەتەوە و ژمارەی كەشتییەكانی بە گەرووەكەدا تێپەڕ دەبن نەگەیشتووەتەوە ئاستی بەر لە شەڕی دوایی، لەو ناوەدا ئێران دەیەوێ دۆخێكی نوێ بسەپێنێت و رسوومات لە كەشتییەكانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن وەربگرێت، كە گەرووێكی هاوبەشە لە نێوان ئێران و عومان، كە ئەمڕۆ دووپاتی كردەوە پاڵپشتی لە وەرگرتنی رسوومات ناكات.

ئەمڕۆ بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی دەستی بە یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا گرتووە، پاڵپشتی لە سەپاندنی رسوومات لەسەر تێپەڕبوونی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز ناكەن، دووپاتی كردەوە كە مەسقەت پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی كە سەپاندنی رسوومات لە رێڕەوە دەریاییەكان قەدەغە دەكات.

ئاماژەی كرد، هاوكات لەگەڵ ئێران كۆكین لەسەر ئەوەی رێوشوێنە داهاتووەكان لە گەرووی هورمز لە سنوور و چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی دەرنەچێت.

ئەو قسانەی بوسەعیدی لە دوای دووپاتكردنەوەی ئێران دێت بۆ بوونی پلانێك بۆ سەپاندنی رسوومات لە بەرانبەر تێپەڕبوونی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، هەروەها دوای سازكردنی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی عومان و ئێران دێت لەبارەی گەرووی هورمز لە مەسقەت بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی بۆچوون لەبارەی ئیدارەدانی گەرووەكە لە داهاتوودا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *