شاندەكەی ئیمراڵیش نازانن “یەكگرتنەوەی دیموكراتی” ئۆجەلان چییە

بینەر: (1.5K)

دوێنێ شاندی ئیمراڵی چوونەوە لای ئۆجەلان و ماوەی سێ سەعات لەگەڵی كۆبوونەوە، دوای دیدارەكە پەیامێكیان بڵاو كردەوە دەڵێن، ئۆجەلان گوتوویەتی: قۆناغی یەكەمی ئاشتی كۆتایی هاتوو، قۆناغی دووەم دەستی پێ كرد.

بەپێی پەیامی شاندەكە ئۆجەلان باسی لەوە كردووە، قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئاشتی تەواو بوو كە بنەماكەی دانانی چەكی پەكەكە بوو، ئێستە قۆناغی “یەكگرتنەوەی دیموكراسی” دەستی پێ كردووە.

شاندە سێ كەسییەكەی دەم پارتی رایان گەیاند كە ئۆجەلان ئەم دیدارەی بە “كۆبوونەوەی دەستپێكردنی یەكگرتنەوە” ناو بردووە.

بەگوتەی میدحەت سانجار، ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ 16 مانگی رابردووی پرۆسەكە كردووە و گوتوویەتی: “قۆناغی یەكەم كۆتایی هاتووە كە تایبەت بوو بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوەیی و خەباتی چەكداری. جەوهەری ئەم قۆناغە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و دانانی چەك بوو، ئەمەش بڕیارێكی ستراتیجییە بۆ ئۆجەلان.

باسیان لەوەش كردووە، ئێستە قۆناغی دووەم دەستی پێ كردووە كە ئۆجەلان بەیەكگرتنەوەی دیموكراتی ناوی بردووە، بەڵام هیچ روونكردنەوەیەك لەبارەی ئەم یەكگرتنەوە و دیموكراتییەی ئۆجەلان نازانرێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی دەم پارتی، ئەوانەی گومانیان لە پەیامەكەی ئۆجەلان لەبارەی فڕێدانی ئەو چەمكانەوە هەیە دەڵێن، قۆناغی یەكەم چیی لێ شین بوو تا باس لە قۆناغی دووەم بكرێت.

خەڵك دەپرسن، پەكەكە چەكی دانا و خۆی هەڵوەشاندەوە و هەموو چالاكییەكی راگرت، بەڵام توركیا هێشتا باس لەناوبردنیان لە هەرێمی كوردستان و شنگالیش دەكات، لە ناوجەرگەی قۆناغی یەكەمدا پلانێكی گەورەی توانەوە لە رۆژئاوای كوردستان جێبەجێ كرا، ئایا ئەوەش بەشێك بوو لە قۆناغی یەكەمی پرۆسەكەی ئۆجەلان؟

لەبارەی هەڵمەتی هێرشی سەر رۆژئاوای كوردستان، میدحەت سانجار تیشكی خستە سەر رۆڵی ئەكتەرە كوردییەكان لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و گوتی: “لەناو ئەم ئەكتەرانەدا سەرۆك مەسعوود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی رۆڵیان هەبووە، بەڵام عەبدوڵا ئۆجەلان ئەكتەری سەرەكی بوو كە توانی دۆخەكە لە لێواری هەڵدێرەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن بگێڕێتەوە.”

لە بەشێكی تری پەیامی شاندی ئیمراڵی باسیان لە گرنگیی بەشداریی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كرد. سانجار دەڵێت: ئامادەبوونی كورد وەك ئەكتەرێكی هاوبەش لەگەڵ شاندی سووریا لەو كۆنفرانسەدا، نیشانەی ئەوەیە كە كورد پێگەی خۆی لە داهاتووی سووریادا جێگیر دەكات.

میدحەت سانجار ئاماژەی بەوەش كرد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای 110 ساڵ لە سایكس- پیكۆ، سەرلەنوێ دروست دەكرێتەوە و گوتی: “ئەو وێنەیەی لە میونشن دەركەوت، بۆ كردنەوەی رێگەیەك بوو كە تێیدا ددان بە ماف و پێگەی كورددا بنرێت. گوتارەكەی ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنفرانسەكەدا نیشانەی زۆر روونی تێدایە كە واشنتن چۆن سەیری داهاتووی ناوچەكە دەكات.”

وەك دیارە هێشتا توركیا نیازی نییە جگە لە كۆمەڵێك مافی كەسی و كولتووری، باس لە كورد بكرێت لە توركیا وەك ئەكتەرێكی سیاسی و خاوەن خاك و خاوەن ماڵ و خۆیشی ئەو ماڵە بەڕێوە ببات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *