زە میدیا لاین: ساڵی نوێ لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراق دەست پێ دەكات

بینەر: (664)

هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگژەیەكی قووڵی دارایی لە عێراق بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردنی زۆرینەی نەوتی عێراق و كەمبوونەوەی سیولەی دراو، كە كێشەی مووچەی لێ دروست بوو، چەند پێشنیازێك كران و چەند بژارەیەك خرانە روو، لەوانە چاپكردنی پارەی زیاتر و لابردنی سفرەكانی سەر دراو، جیا لە قەرزكردن، بەرپرسێكی عێراقی ئاماژە دەكات كە ساڵی نوێ لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراق دەست پێ دەكات.

تۆڕی “زە میدیا لاین”، لە راپۆرتێكدا و لە بەرپرسێك لە نووسینگەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگوازێتەوە، بەوەی ئێستە بابەتی لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەكرێت و پێشبینی دەكرێت لە ماوەیەكی كەمی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو بابەتە بدرێت.

روونی كردەوە، لە حاڵەتی دەرچوونی بڕیاری كۆتایی لە نووسینگەی سەرۆك وەزیران بە لابردنی سفرەكان، پارەی عێراق دێتە گۆڕین و پارەی نوێ چاپ دەكرێت كە بێ سفر دەبێت، ئەو پرۆسەش لە سەرەتای ساڵی نوێ، واتە 2027 دەست پێ دەكات و بۆ رەخساندنی بواری گۆڕینی تەواوی پارەكان، بە درێژایی ئەو ساڵە بەردەوام دەبێت.

هەفتەی رابردوو بانكی ناوەندی عێراق هەواڵی لابردنی سفرەوانی سەر دراوی عێراقی رەت كردەوە دووپاتی كردەوە كە ئەوەی لە راگەیاندنەكان لە هەواڵ و لێدوان لەبارەی چاپكردنی پارەی نوێی عێراق و لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراق لە لایەن بانكی ناوەندییەوە بۆ خستنەڕووی لە بازاڕەكان بڵاو كراوەتەوە، پشت بە هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی نابەستێت، ئێمە چاپكردنی پارەیەكی نوێی عێراقی بە لابردنی سفرەكانی سەری لە لایەن بانكی ناوەندییەوە رەت دەكەینەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *