رۆژنامەیەكی توركی وردەكاریی نوێ لەبارەی پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە لە لایەن ئەنقەرەوە ئاشكرا دەكات، كە لە رێگەی میكانیزمێكی هاوبەش لە نێوان دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە و بە هاوئاهەنگی بەغدا و هەولێر و سلێمانی دەبێت، ئەوەش بە مەبەستی كۆتاهێنان بە بوونی چەكداریانەی پەكەكە و گەڕانەوەی هەزاران لە ئەندامانی بۆ توركیا و یەكخستنی ئەندامانی لە شنگال لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی عێراق.
رۆژنامەی “حورەیەت”ی نزیك لە حكوومەتی توركیا باسی ئەو نەخشەرێگەیە دەكات كە ئەنقەرە بۆ داماڵینی چەكی پەكەكە لە توركیا و لە عێراق پیادەی دەكات، بەپێی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامە، پێشبینی دەكرێت چەكدارانی پەكەكە لە عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو چەكەكانیان رادەست بكەن و بگەڕێنەوە توركیا، پرۆسەی وەرگرتنەوەی چەكی ئەوان لە هەولێر و سلێمانی بەپێی میكانیزمێكی دیاریكراو دەبێت كە تۆماركردن و ژماردنی تەواوی چەكەكان و رێكخستنیان لە لیستی فەرمی دەگرێتەوە.
بەپێی رۆژنامەكە، دەزگای هەواڵگری توركیا ئەركی چاودێریكردن و لێوردبوونەوەی مەیدانی بۆ چۆڵكردنی ئەشكەوت و سەربازگە و بنكە و بارەگەكانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەگرێتە ئەستۆ، بەر لەوەی راپۆرتێكی هەڵسەنگاندنی كۆتایی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا رەوانە بكات، هەرچی پرۆسەی گەڕانەوەی ئەندامانی پەكەكەیە بۆ توركیا، بە بڕیاری ئەنجوومەنەكە بەندە لە دوای دڵنیابوونەوە لەوەی پەكەكە تەواوی چالاكییەكانی لە عێراق و سووریا و ئەوروپا وەستاندووە.
پلانەكەش بەم شێوەیە، گەڕانەوەی حەوت بۆ هەشت هەزار چەكداری پەكەكە لە عێراق و سووریاوە بۆ توركیا، گەڕانەوەی هەشت هەزار ئاوارەی كەمپی مەخموور بۆ توركیا، یەكخستنی 2.200 چەكداری گرووپەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال لەگەڵ سوپای عێراق، ئاسانكاریی گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆری لایەنگرانی پەكەكە لە وڵاتانی ئەوروپا، كە ژمارەیان بە 70 بۆ 80 هەزار كەس دەخەمڵێندرێت، راستەوخۆ لەگەڵ جێبەجێبوونی بڕیارەكان، یاساكانی توركیا تایبەت بە پرۆسەكە تەنیا كارمەندە ئاساییەكانی ئەو حزبە دەگرێتەوە، لەگەڵ تاوتوێكردنەوەی دۆسیەی گیراوانی، لەوكاتەی 230 لە سەركردەكانی باڵا و مەیدانیی پەكەكە نایانگرێتەوە، جیا لەوانەی لە كوشتن تێوەگلاون.
















Leave a Reply