توێژەران لە ئوسترالیا لە توێژینەوەیەكیاندا بەوە گەیشتوون كە راهێنانی جەستەیی، باشترین دەرفەت بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان دەڕەخسێنێت. دووپات دەكەنەوە كە ئەو راهێنانە رۆڵی زۆری هەیە بۆ كەمكردنەوەی نیكۆتین لە جەستە و وا دەكات كەسی جگەرەكێش واز لەو خووە خراپە بێنێت.
پێگەی “ئەهرام”ی میسری ئاماژەی بە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە كردووە كە توێژەران لە زانكۆی ئەدیلیدی ئوسترالیا كردوویانە و دەڵێن، ئەوانە بە رێكخراوەیی رۆژانە راهێنانی جەستەیی ئەنجام دەدەن، دەرفەتی زۆرباشیان بۆ دەڕەخسێت كە وردە وردە واز لە جگەرەكێشان بێنن، چونكە بۆ هەر راهێنانێك، ئاستی ئەو نیكۆتینەی دەچێتە ناو جەستەوە، تا ئاستێكی زۆریش كەمتر دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر بەیەكجاریش واز لە جگەرەكێشان نەهێنن، دەتوانن رێژەی جگەرەكێشان زۆر كەمتر بكەنەوە.
تیمی توێژینەوەكە دووپاتی دەكەنەوە كە لە یەك جاری راهێنانی جەستەیی و ماوەكەی نیو سەعات بێت، بە روونی هەست بەوە دەكرێ كە ویستی كەسەكە بۆ نیكۆتین كەمتر دەبێتەوە. بۆ ئەوەیش سەرۆكی توێژینەوەكە بین سینگ ئاماژە بەوە دەكات، یەكەمین هەنگاو بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان، بڕیاری رژدی جگەرەكێشەیە بۆ تەندروستیی باشی خۆی، بەوەیش ئاڵنگاری هەموو ئەوانە دەكات كە جگەرە دەكێشن.
دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو هەنگاوە تەقلیدییانەی پێشتر بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان كراون، لەلای زۆر كەس بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون، بۆیە باشترین رێگە بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان، وەرزش و راهێنانی جەستەییە ئەگەر لە سەرەتاوە كەسەكە بڕیاری یەكجارەكیی دابێت، هاوكات هەنگاوێكی زۆریش ئاسانە و هەر كەسێك دەتوانێ جێبەجێی بكات.
باس لەوەش دەكرێ كە لە توێژینەوەكەدا نۆ هەزار كەس بەشدارییان پێ كراوە، لە ئەنجامدا 21%یان توانیویانە بە راهێنانی جەستەیی تا ئاستێكی زۆرباش جگەرە كەمتر بكەنەوە، هاوكات 15%یشیان توانیویانە بەیەكجاری واز لە جگەرەكێشان بێنن.












Leave a Reply