هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێی نایە 10یەم رۆژ و بەردەوامە، ئێران لەسەر كردنەئامانجی بەرژەوەنییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ناوچەكە بەردەوامە، وەزارەتی بەرگریی توركیا رای گەیاند كە هەموو هەنگاوێك دەگرنە بەر لە دژی هەڕەشەكانی سەر توركیا، ئەوەش لە دوای كەوتنەخوارەوەی پارچە تێكشكێنراوەكانی مووشەكێكی ئێران لە غازی ئەنتاب.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگری توركیا، پارچە تێكشكێنراوەكانی مووشەكێكی ئێرانی لە هەرێمی غازی ئەنتاب لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا كەوتووەتە خوارەوە، كاتێك سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ مووشەكێكی بالیستیی ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست تێك شكاند.
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریی توركیا، ئەوان هەموو رێوشوێنێك لە دژی هەڕەشەكانی سەر توركیا دەگرنە بەر، پێشتریش سەرۆكایەتیی توركیا دووپاتی كردبووەوە كە وریاییان داوەتە هەموو لایەنەكان، لەوانە ئێران بۆ خۆپاراستن لە هەر هەنگاوێك هەڕەشە بخاتە سەر ئاسایشی ناوچەكە و گیانی مەدەنییەكان.
شایەنی باسە هەر لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، ئێران دەستی كرد بە بۆردمانكردنی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ناوچەكە، كە تەواوی وڵاتانی كەنداو و عێراق و توركیا و ئازەربایجان و قوبرسی گرتووەتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی فرەوانی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێناوە.















Leave a Reply