خواردنی بە كۆمەڵ كاریگەریی لەسەر تەندروستیی دەروونی دەبێت

بینەر: (588)

هەندێك خوو هەن وا دەكەن دۆخی تەندروستیی دەروونیی مرۆڤ تێكبچێت یان بەپێچەوانەوە زۆرباشتر بێت. یەك لەو خووانە، خواردنە بە تەنیایی كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونی دروست دەكات، بەپێچەوانەوە و بەپێی توێژینەوەكان كە تا ئێستە كراون، خواردنی بە كۆمەڵ وا دەكات دۆخی تەندروستیی دەروونی مرۆڤ باشتر بێت و دوور بكەوێتەوە لە گۆشەگیری و خەڵەفان.

پێگەی “ئیلاف” ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە بۆ خواردنی بەكۆمەڵ كراون، توێژەران بەوە گەیشتوون كە خواردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان و خۆشەویستان، وا دەكات دۆخی دەروونی مرۆڤ زۆرباشتر بێت، بەپێچەوانەوە خواردن بە تەنیایی و دوور لە خێزان و هاوڕێیان، مرۆڤ تووشی گۆشەگیری و خەڵەفان دەكات. جیالەوەی ئەو خووەی خواردنی بەكۆمەڵ، وا دەكات تەمەنی مرۆڤ درێژتر بێت و ببێتە خاوەن تەندروستییەكی باشتر.

ئیمانۆیل دی نیڤ كە مامۆستای ئابووری و زانستە لە زانكۆی ئەكسفۆرد دەڵێت، بەشداریكردنی خواردن لەگەڵ خێزان و ئەوانی تر، پێوەندیی كۆمەڵایەتی و باوەڕی زیاتر بەهێزتر دەكات، ئەوەیش لە درێژمەودادا كاریگەریی لەسەر دۆخی تەندروستیی دەروونیی مرۆڤ دەبێت و بەرەو زۆرباشتری دەبات.

دووپاتی دەكاتەوە كە لەم سەردەمەدا گۆشەگیری زۆر زیاتر بووە و بە روونی دەردەكەوێت، بۆ نەهێشتنی ئەو گۆشەگیرییەیش پێویست دەكات كەسەكە زیاتر تێكەڵی خەڵك و دەوروبەری بێت، یەك لە خووانەیش خواردنە لەگەڵ كۆمەڵ، واتە لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان و خۆشەویستان، ئەویش وا دەكات پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكە گەشە پێ بدرێت و كەسە گۆشەگیرەكە خۆی لەو دۆخە دەروونییەكە رزگار بكات.

بۆیە توێژەران دووپاتی دەكەنەوە كە خواردنی بە كۆمەڵ، زۆر بە روونی كاریگەریی لەسەر تەندروستیی دەروونی دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *