جێگرەوەیەکی تەندروستی بۆ خوێ دەتوانێت ساڵانە ژیانی سێ ملیۆن کەس لە مردن ڕزگار بکات

بینەر: (28)

توێژەران مەزەندە دەکەن کە بەکارهێنانی خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم لەبری خوێی ئاسایی لە 193 وڵاتدا، دەتوانێت ساڵانە ڕێگری لە سێ ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان و 10 ملیۆن تووشبوونی نوێ بە نەخۆشییەکانی دڵ، لوولەکانی خوێن و گورچیلە بکات.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری (Nature Health) بڵاو کراوەتەوە، ئەم جێگرەوە تەندروستییە لە ڕێگەی گۆڕینی بەشێک لە کلۆریدی سۆدیۆم (پێکهاتەی سەرەکیی خوێی چێشت) بە کلۆریدی پۆتاسیۆم دروست دەکرێت، و لە شێوە و تام و بەکارهێناندا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ خوێی ئاساییدا نییە. لە ساڵی 2025ـدا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشیی دڵ، پشتیوانیی لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە خوێیە کرد.

لە ئێستەدا یەکێک لە هەر سێ کەسی پێگەیشتوو (لە نێوان 30 بۆ 79 ساڵ) کە دەکاتە نزیکەی 1.4 ملیار کەس لە جیهاندا، بەدەست بەرزیی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن. نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن هۆکاری یەکەمی مردن و پەککەوتەیین لە جیهاندا، بە جۆرێک تەنیا لە ساڵی 2023ـدا بوونەتە هۆی مردنی 19.2 ملیۆن کەس. زۆر بەکارهێنانی سۆدیۆم و کەمیی پۆتاسیۆمیش هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن کە دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشییەکانی گورچیلە.

بروس نیڵ، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی جۆرج بۆ تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەم هەنگاوە دەتوانێت ڕێگری لە یەکێک لە هەر 10 حاڵەتێکی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ بکات بە تێچوویەکی زۆر کەمتر لە چارەسەرە دەرمانییەکان. هەرچەندە مەترسیی بەرزبوونەوەی پۆتاسیۆم لە خوێندا بۆ تووشبووانی قۆناغە پێشکەوتووەکانی نەخۆشیی گورچیلە هەیە، بەڵام ڤیڤێک جها، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، دووپاتی دەکاتەوە کە سوودەکانی ئەم خوێیە زۆر زیاترن لە مەترسییەکانی، تەنیا ئەوە نەبێت ئەو نەخۆشانە پێویستیان بە هۆشیارکردنەوە و چاودێریی پزیشکی هەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *