لە چەند هەفتەی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، “رۆیشتنی بە پێی ژاپۆنی- Interval Walking Training” بووەتە ترێندی جیهانی، بەوەیش ملیۆنان كەس بینەری تیك تۆكن لەوبارەیەوە. پسپۆرانی بوارەكە پێیان وایە ئەو شێوازەی راهێنانی جەستەیی، جیاوازییەكی زۆری هەیە لە رۆیشتن بە پێی ئاسایی یان تەقلیدی، ئەوەیش ئەنجامەكەی بۆ تەندروستیی دڵ و دابەزینی پاڵەپەستۆی خوێن و بەهێزبوونی ماسوكەكان دەركەوتووە.
پێگەی “عەرەبیە” ئەمڕۆ چوارشەم 29ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، ئەو جۆر و شێوازەی راهێنانی جەستەیی بۆ رۆیشتنی ژاپۆنی، 20 ساڵ بەرلە ئێستە توێژەرانی ژاپۆنی دایانهێناوە بەمەبەستی تەندروستیی كەسانی بەساڵاچوو، بەوەیش توانا و وزەیان دەكەوێتەبەر و بەشێوەیەكی گشتی تەندروستتر دەبن.
لەبارەی رۆیشتنی ژاپۆنی باس لەوە دەكرێ كە ئەو جۆرە رۆیشتنە بە پێ، رۆیشتنێكی خێرایە بۆ ماوەی سێ خولەك و پاشان هەندێك پشوو دەدات، پاشان بەدوایدا سێ خولەكی تر رۆیشتنی لەسەرخۆ دەست پێ دەكات، لە نێوان پشووەكاندا رۆیشتنەكان بۆ ماوەی نیو سەعات بەردەوامیی دەبێت، بۆ ئەوەیش لە ماوەی یەك هەفتەدا چوار جار دووبارە دەكرێتەوە.
لەبارەی رۆیشتنە خێراكە توێژەران زیاتر دەڵێن، لە كاتی رۆیشتنی خێرادا هەنگاوەكان درێژتر بكرێنەوە، لەگەڵیدا بەپێی ریتمی رۆیشتنەكە، هەردوو دەست و قۆڵەكان لە جووڵەدا دەبن، ئەوەیش چالاكیی زیاتر بە راهێنانەكە دەدات.
دووپاتی دەكەنەوە كە ئەوانەی ئەو راهێنانە رۆیشتنی ژاپۆنییان كردووە، لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە پاڵەپەستۆی خوێنیان دابەزیوە و تەندروستیی دڵیان زۆرباشتر بووە و ماسولكەی پێ و دەستەكانیان باشتر بوون، بەتایبەتی ئەوانەی چوونەتە ناو تەمەنەوە.
دواتریش توێژەران دەڵێن، ئەو راهێنانەی رۆیشتن بە پێی ژاپۆنی، باشتر خوێن بۆ مێشك دەگوازێتەوە، دواتر دەبێتە هۆی باشتربوونی سەرنج و توانای بیركردنەوە بەشێوەیەكی گشتی بەتایبەتی بۆ بەساڵاچووان.












Leave a Reply