ترەمپ: ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور

بینەر: (1.1K)

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ئێران کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشووری لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، هاوکات دڵنیاییی دا کە هیچ زیانێک بەر کەشتییەکانی تری ناو گەرووەکە نەکەوتووە.

ترەمپ گوتی، لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کۆریای باشوور بەشداریی لە ئەرکەکەمان لە گەرووی هورمز بکات.” ئاماژەی بەوەش دا، “بەلەمی خێرا تاکە شتە کە بۆ ئێرانییەکان مابێتەوە، ئێمەش حەوت دانەمان لێ تێکشکاندوون.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتیی ئەو وڵاتانەی کە هیچ پێوەندییەکیان بە “پڕۆژەی ئازادی”یەوە نییە.

پاشان ڕووی دەمی کردە تاران و گوتی، یان ڕێککەوتنێک بە نیازپاکی واژوو دەکەن، یان دەست بە شەڕ دەکەینەوە.

لە کۆتاییدا ترەمپ ڕای گەیاند، بەیانیی سبەی سێشەم، وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەستەی ئەرکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام دەدەن. لەلایەکی ترەوە، سوپای ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئەو کەشتییانەی ئێستە لە کەنداوی عەرەبیدان، سەر بە 87 وڵاتی جیاوازن.

پێشتر لەمڕۆدا، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە ئێران کەشتیی بازرگانی و سەربازیی کردووەتە ئامانج، دووپاتیشی کردەوە کە شەش بەلەمی بچووکی ئێرانیان تێکشکاندووە کە هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگیان بۆ جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز داوە.

لە بەرانبەردا هەر ئەمڕۆ دووشەم، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی ڕاگرتنی ئەو کەشتییانەی کرد کە پێچەوانەی مەرجەکانیان لە گەرووی هورمز دەجووڵێنەوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمەریکی دووپاتی کردەوە، یاساکانی پێکدادان گۆڕاون و مۆڵەت بە هێزەکانمان دراوە لە هەر هەڕەشەیەک بدەن کە بکرێتە سەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *