بەهۆی سزاكانی ئەمەریكاوە سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق لە كار دوور خرایەوە

بینەر: (1.4K)

سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق لە كارەكەی دوور خرایەوە، چونكە تۆمەتی كاری بازرگانیكردن لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر بوو، بەو هۆیەشەوە رووبەڕووی سزاكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا بوەتەوە.

راگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق رای گەیاند، بۆ ئەوەی چیتر هیچ بەربەستێك بۆ پێشكەوتنی وەزشی عێراق نەیەتە پێش، سەرۆكی لیژنەكە بەشێوەیەكی كاتی بەڕێوەبردنی كارەكانی بە جێگرەكەی دەسپێرێت.

ئۆڵۆمپیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر بە نامەیەكی فەرمی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی لەو رێوشوێنە ئاگادار كراوەتەوە، كە چیتر دكتۆر عەقیل موفتن كارەكانی وەرزش رایی ناكات و جێگرەكەی ئەو كارانە بەڕێوە دەبات.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزاكانی پێوەست بە ئێرانی توندتر كردەوە، كۆمپانیایەكی پێوەست بە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق و سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراقی كردە ئامانج.

لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكادا هاتبوو، ئەو گرووپە چەكدارانەی بە یارمەتیدانی “رژێمی ئێران لە خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمەریكا، قاچاخچێتیی چەك و تێوەگلان لە گەندەڵیی بەرفراوان لە عێراقدا،” تۆمەتبار كرد و بە بەرپرسیاری كوژرانی “كارمەندانی” ئەمەریكیی زانی.

سزاكان كۆمپانیایەكیشیان گرتەوە كە وەزارەتی گەنجینە رای گەیاندووە لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵاوە دروست كراوە، كە گرووپێكی چەكداریی بەهێزی عێراقییە و لەلایەن ئەمەریكاوە وەك “رێكخراوێكی تیرۆریستی” ناسێنراوە.

هەروەها سزای بەسەر عەقیل موفتن سەرۆكی لیژنەی نیشتمانیی ئۆڵۆمپیی عێراقدا سەپاند. بە بەڕێوەبردنی بانكێكی بازرگانیی عێراقی كە پێوەستە بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، تۆمەتباری كرد.

وەزارەتی گەنجینە رای گەیاند، عەقیل موفتن و عەلیی برای، “پێوەندیی نزیكیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی سوپای پاسداران هەیە، یارمەتیی دروستكردن و گواستنەوەی پارە دەدەن بۆ ئەو گرووپە چەكدارانەی لە عێراقدا پشتیوانیی فەیلەقی قودس دەكەن.”

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *